بەغدا.. كۆبوونەوەی پارێزگارەكان بەڕێوە دەچێت و بە فشاری مەسرور بارزانی پارێزگاری هەڵەبجەش بەشدار دەبێت

لە بەغدای پایتەختی عێراق، كۆبوونەوەی سەرجەم پارێزگارەكانی عێراق لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، لە ژێر فشاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەڵەبجەش بەشداری دەكات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست دەزگایی میدیایی (خواکوڕك) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بڕیارە رۆژی شەممە (١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١)، كۆبوونەوەی سەرجەم پارێزگارەكانی عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە سەرەتا بڕیار وابووە كە پارێزگاری هەڵەبجە لەم كۆبوونەوەدا بەشداری پێ نەكرێت، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی وەرگرتووە و هۆشداری داوە كە ئەگەر پارێزگاری هەڵەبجەش هاوشێوەی سێ پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان بەشداری پێ نەكرێت، ئەوا پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك)یش بەشداری ناكەن.

بەپێی زانیارییەكانی (خواکوڕك)، پاش ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان بەشداری بكەن.

Back to top button