سه‌رۆك بارزانی: هه‌ڵبژاردن باشترین و ڕاستترین ڕێگه‌یه‌ بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكرێ

له‌ یادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی و به‌رپرسانی دیكه‌ی باڵای پارتی و به‌ربژێران بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق،ده‌ستی به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی عێراق كرد  و هه‌ر له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌ربژێرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ناسێندران.

ده‌قی گوتاری سه‌رۆك بارزانی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشك و برایان به‌ڕێز.. هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ر..

له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا رۆژی 11ی ئه‌یلوول كه‌ رۆژێكی یه‌كجار پیرۆزه‌، ئێمه‌ لێره‌ كۆبووینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ كاندیده‌كانمان رابگه‌یه‌نین، شۆڕشی ئه‌یلوول، نه‌ك شۆڕشێكی چه‌كداری بوو به‌ ته‌نها، به‌ڵكو شۆڕشێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، شۆڕشی دروستكردنی تاكی كورد بوو شۆڕشی دروستكردنی بڕوا بوو له‌ناو میلله‌تێك كه‌ بزانی خاوه‌ن قه‌زیه‌یه‌ و چۆن به‌رگری له‌ قه‌زیه‌ی خۆی بكات و پلانی دوژمنان پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌.

شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به‌ په‌ناگه‌ بۆ هه‌موو تێكۆشه‌ر و پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی عێراق، حیكمه‌تێكی گه‌وره‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌بوو، كه‌ درووشمی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو “دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان”، شۆڕشی ئه‌یلوول بناغه‌ی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازه‌ له‌ دوای ساڵی 1961 و تا ئه‌مڕۆ و بۆ ئایینده‌ش، هه‌ر بناغه‌ی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، شۆڕشی ئه‌یلووله‌، قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، قاره‌مانی زۆر گه‌وره‌ی پێگه‌یاند و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌شی بۆ گه‌لی كوردستان به‌دیهێنا، له‌ هه‌مووشی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌بوو میلله‌تێكی هۆشیار كرده‌وه‌ و بووه‌ میلله‌تێكی خاوه‌ن بڕوا به‌خۆبوو، كه‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێك گه‌وره‌تره‌.

مانگێك ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی فیدرالی، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ زۆر تێبینیمان هه‌بوو له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی پارێزگاكان، كه‌ هیچ عه‌داله‌تێك و ئینسافێكی تێدا نییه‌ و له‌سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌كی راستیش نییه‌، چونكه‌ سه‌رژمێری نه‌كراوه‌، به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگی پارتی بپارێزین بڕیارماندا به‌شداربین، به‌ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ هه‌یه‌تی.

داوای ئێمه‌ و داوای هه‌موو خه‌ڵكی عێراق ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كه‌ به‌شدار ده‌بن له‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد و خاوێن و بێت و ته‌زویری تێدا نه‌بێت، ئه‌وه‌ داخوازی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌، هه‌مووان ته‌ئكیدیان كردووه‌ كه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و خاوێن بێت ئومێده‌وارین كه‌ سه‌ركه‌وتووبن له‌وه‌، وه‌عدیشیان داوه‌ كه‌ چاودێرییه‌كی توند بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌زویر نه‌كرێت، ئومێده‌وارین سه‌ركه‌وتووبن له‌ ئه‌ركه‌كه‌یاندا.

هه‌ڤاڵان.. بێگومان هه‌ڵبژاردن راستترین و باشترین رێگه‌یه‌ بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بكرێت، پارتی خۆی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، هه‌مووتان له‌ بیرتانه‌ له‌ نه‌ورۆزی ساڵی 1991 له‌ كاتی راپه‌ڕینی گه‌وره‌ له‌ شاری كۆیه‌، ئه‌و بانگه‌وازه‌مان ئاراسته‌ی هه‌موو جیهان و گه‌لی كوردستان كرد، كه‌ ده‌مانه‌وێ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، له‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێرییه‌وه‌ بچین بۆ شه‌رعیه‌تی ده‌ستووری و قانونی به‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ نه‌ كه‌س فه‌رزی كردبوو له‌سه‌ر ئێمه‌، باوه‌ڕیش ناكه‌م ئه‌و كاته‌ کەس بیری له‌وه‌ كردبێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ وه‌كو پارتی، مه‌سه‌له‌كی مه‌بده‌ئی و قه‌ناعه‌ته‌، ئێستاش ئێمه‌ ده‌ڵێین هه‌ر ئاڵوگۆڕییه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی دیموكراسییه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌ كوده‌تا ئاڵوگۆڕی ناكرێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو، پارتی نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق بوو به‌ حزبی ژماره‌ یه‌ك، بێگومان ئه‌مه‌ ئه‌نجدامی ماندووبوون و زه‌حمه‌تی قیاده‌ و كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی بووه‌، به‌ڵام له‌بیرتان نه‌چی، پاداشتی گه‌لی كوردستان بوو بۆ پارتی، بۆ هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕ و نه‌ته‌وه‌ییه‌ راست و درووسته‌كانی پارتی.

ئومێده‌وارم ئه‌مجاره‌ش پارتی هه‌روا به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ربچێت و هه‌ر بمێنێته‌وه‌ به‌ حزبی ژماره‌ یه‌ك، هه‌موو حزبێكیش هه‌قی خۆیه‌تی هه‌وڵ بدات حزبی یه‌كه‌م بێـت ئه‌و حه‌قه‌ هی پارتیشه‌ بێگومان، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتانه‌ بپارێزین، داوا ده‌كه‌م هه‌موو رێكخستنه‌كانی پارتی به‌ جۆش و خرۆشێكی تازه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان، داوا له‌ هه‌موو كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ده‌كه‌م، هه‌موو دڵسۆزان به‌شدار بن له‌ هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه‌.

داوا ده‌كه‌م رێكخستنه‌كانی پارتی پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كانی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، داوا ده‌كه‌م ئە‌من و ئاسایشی و هێمنی بپارێزن و خۆتان دووربگرن له‌ ته‌شهیر و شتی لابه‌لا.

هه‌ڤاڵانی پارتی.. هه‌روه‌ها خوشك و برایانی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست.. خه‌ڵكی كوردستان.. ره‌نگه‌ گله‌ییتان هه‌بێت، هه‌قی خۆشتانه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ رۆژی ئه‌وه‌یه‌ گله‌ییه‌كان به‌لاوه‌ بنێن، گله‌ییه‌كان هه‌ڵبگرن بۆ دوای هه‌ڵبژاردن، هه‌قی خۆتانه‌ هه‌رچی بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌مه‌، به‌ڵام نابێت گله‌ییه‌كان ببنه‌ هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌ت بده‌ن به‌ خه‌ڵكی دیكه‌ پارتی تووشی خوانه‌خواسته‌ شكستێك ببێت، یان نسكۆیه‌ك ببێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵگیرن، له‌به‌ر ئه‌م مه‌سئول و فلان مه‌سئول، ئه‌مه‌ هه‌موو حه‌قی خۆتانه‌، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌بێت هیممه‌ت بكه‌ن، پارتیه‌كه‌ی خۆتان رابگرن و سه‌ربخه‌ن و نه‌هێڵن هیچ كه‌موكوڕییه‌ك بێته‌ پێش پارتییه‌كه‌تان.

له‌ناوخۆشمان له‌ كوردستان، ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌ك به‌خۆدا بچنه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی یه‌كترشكاندن و یه‌كترله‌ناوبردن بده‌ن، بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ چۆن پێكه‌وه‌ ئیش بكه‌ین، بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و خه‌بات بكه‌ین، چۆن ئه‌و هه‌موو ته‌حه‌ددیاته‌ی له‌پێشمانه‌ به‌رامبه‌ریان بوه‌ستین، له‌گه‌ڵ به‌غداش زۆرمان پێخۆشه‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو گیر و گرفته‌كان بكرێت، به‌ ته‌فاهوم و له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و سازان و هاوسه‌نگی، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت مه‌شاكل هه‌ر بەرده‌وام ده‌بێت، زۆر شێوه‌ش ئه‌زموون كراون له‌ عێراق، من پێموایه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ زۆر به‌جدی بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و گرفتانه‌ بكرێت.

مه‌سه‌له‌ی بودجه‌.. ئه‌مه‌ به‌راستی یارییه‌كی زۆر هه‌رزانه‌، بودجه‌ مافی هه‌موو خه‌ڵكه‌، كێشه‌ی گه‌لی كوردستان مووچه‌ نییه‌ به‌ ته‌نها، مووچه‌ كێشه‌یه‌كه‌ له‌ كێشه‌كان، ئێمه‌ خاوه‌ن قه‌زیه‌یه‌كی سیاسیین، ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كین، كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی مه‌سه‌له‌ی شه‌راكه‌ته‌، شه‌راكه‌تیان نه‌هێشت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ئێمه‌ بچینه‌ قووڵایی كێشه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت كه‌ ده‌بێت به‌ تێگه‌یشتن و شه‌راكه‌ت بیر له‌ چاره‌سه‌ری جددی بكرێته‌وه‌ دوور له‌ عاتیفه‌ و ته‌عه‌سوب.

من ده‌زانم خه‌ڵكێكی زۆر نیگه‌رانن له‌ ئایینده‌، بێگومان هه‌موو میلله‌تێك هه‌قی خۆیه‌تی بیر له‌ ئایینده‌ی خۆی بكاته‌وه‌، من ناڵێم حكومه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مان بێ كه‌موكوڕی بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌قریبه‌ن سی ساڵه‌، كه‌موكوڕی هه‌بووه‌، به‌ڵام شتی زۆر گه‌وره‌ش كراوه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن، زۆر باشه‌، به‌ڵام هه‌روه‌ها كوێرانه‌ داوا ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ نابی بمێنێت و ده‌بێت ئه‌وه‌ بڕوات، به‌ڵام ده‌بێت جێگره‌وه‌ و به‌دیل هه‌بێت، ئێمه‌ ناڵێین ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێ كه‌موكوڕییه‌، به‌ڵام با هه‌وڵبده‌ین هه‌موو پێكه‌وه‌ ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ نه‌هێڵێن، باشتری بكه‌ین.

خۆی میلله‌تێك ده‌بێت نیگه‌ران بێت له‌ ئایینده‌ی خۆی كه‌ ئیراده‌ی نه‌بێت و نه‌شزانێت چی ده‌وێت، ئێمه‌ میلله‌تێكیش ئیراده‌مان هه‌یه‌ و ده‌شزانین چی ده‌كه‌ین، خه‌ڵكی دیكه‌ چی ده‌ڵێن یان بۆ خۆیان چۆن ته‌فسیری ده‌كه‌ن، كه‌یفی خۆیانه‌، ئه‌و كاته‌ی داعش په‌لاماری هه‌رێمی كوردستانیدا، سه‌رۆك بایدن ئه‌وكات جێگری سه‌رۆك ئۆباما بوو، ته‌له‌فۆنی كرد، پرسیاری كرد ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یارمه‌تی ئێوه‌ بده‌ین ئێوه‌ به‌رگری ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر نایكه‌ن و پێتان ناكرێت پێمبڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كۆنسوڵخانه‌ی خۆمان بكشێنینه‌وه‌، من پێمگوت جه‌نابی جێگری سه‌رۆك، ئێوه‌ یارمه‌تی ئێمه‌ بده‌ن یان نا ئێمه‌ به‌رگری ده‌كه‌ن، ئێمه‌ ته‌سلیمی هیچ تیرۆریست و زۆردارێك نابین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یارمه‌تی ئێمه‌ بده‌ن ئه‌ركمان ئاسانتر بێت و قوربانیدانمان كه‌متر بێته‌وه‌ سوپاستان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوكاریش نه‌كه‌ن ئێمه‌ ئیراده‌ی به‌رگریمان هه‌یه‌ و به‌رگری ده‌كه‌ین و مه‌حاڵیشه‌ بهێڵێن دوژمن كوردستان داگیر بكات.

بۆ هه‌موو دنیا سه‌لمێنرا پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان خۆڕاگری میلله‌ته‌كه‌مان، بوون به‌ نموونه‌، ئه‌و رۆژه‌ باڵیۆزی فلیپین گوتی: ناوی پێشمه‌رگه‌ موقه‌ده‌سه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی، جاران له‌ فلیپین كه‌س نه‌یده‌زانی كورد هه‌یه‌، ئێستاش گه‌لی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان به‌ ئاشتی و ته‌فاهوم چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌شی ئه‌وه‌ رۆڵی دڵسۆز و تێكۆشه‌ر هه‌ن، به‌شی ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان هه‌ن، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك نه‌هێڵین جارێكی دیكه‌ كوردستان بكه‌وێته‌ ده‌ستی بێگار.

سوپاس بۆ خوا، ئێستا ره‌وشی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ جاران، به‌ڵام هیچ كاتێك بژارده‌ی شه‌ڕ راست و دروست نییه‌، مه‌گه‌ر به‌سه‌ر ئێمه‌دا فه‌رز بكرێت، ئه‌گه‌ر فه‌رز كرا له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت، من په‌یمانی ئه‌وه‌تان ده‌ده‌مێ ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌رگری بكه‌ین.

من ئومێده‌وارم كه‌ له‌مه‌ودوا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان، زیاتر بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كی باشتر پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی كوردستان بكرێـت، له‌ هه‌مووشی گرنگتر گرنگییه‌كی زۆر زیاتر به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێت، جاران دوژمنان په‌لاماری ئێمه‌یان ده‌دا به‌ تانك و تۆپ و فڕۆكه‌ و به‌رگری ده‌كرا، جاری وا هه‌بوو خه‌ساره‌تیشمان ده‌دا، به‌ڵام ئێستا دوژمن په‌لاماری ئێمه‌ ده‌دا به‌شێوه‌ی دیكه‌، به‌ ئامرازی دیكەی‌ ترسناك، له‌ هه‌مووشی خراپتر و ترسناكتر ئه‌وه‌یه‌ وایان كردووه‌ تا راده‌یه‌كی زۆریش سه‌ركه‌وتوون بن، ئینتیمای گه‌نجیان بۆ وڵاته‌كه‌یان كه‌مكردووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌، كه‌ ده‌بێت په‌روه‌رده‌ له‌ كلاسی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت، له‌مه‌ودوا ده‌بێت نه‌وه‌ی داهاتوو وا په‌روه‌رده‌ بكرێت، كه‌ گیانفیدایی بۆ نیشتمان و قوربانیدان له‌ پێناوی گه‌ل و نیشتمان ده‌بێت زۆر هه‌رزان بێت، گیان ده‌بێت هه‌رزان بێت له‌و پێناوه‌دا.

له‌ كۆتاییشدا سڵاوی گه‌رم ده‌نێرین بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌موو گه‌لی كوردستان.. هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن و بمێنن به‌ خێر و خۆشی.

 

Back to top button