هەولێر.. بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار دەست بە جێبەجێكردنی سێ پرۆژە كرا

ساسان عەونی: ئەم سێ پرۆژەیەی گەڕەكەكانی نازناز و كوێستان بە 700 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن و ئێستاش بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار نزیكەی 30 پرۆژەی دیكە لە شاری هەولێر لە بواری جێبەجێكردندان
.
ئەمڕۆ بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار سەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شۆستە كرا و لە هەفتەی داهاتووشدا حەوت پرۆژەی دیكە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایدەگەیەنێت كە ئێستا لە شاری هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار نزیكەی 30 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێكردندان.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمممە 12ی ئەیلوولی 2021 لەژێر چاودێریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی دوو پرۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە گەڕەكی نازنازی شاری هەولێر دینار داندرا كە پرۆژەی یەكەمیان پێكهاتووە لە دروستكردنی شەقامی 20ی مەتری و هەروەها پرۆژەی دووەمیش قیڕتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی گەڕەكی نازنازە، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەیەكی تری قیڕتاوكردنی شەقام لە گەڕەكی كوێستان و كۆی گوژمەی ئەو پرۆژانەش نزیكەی 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی یەكێك لە پرۆژەكانی گەڕەكی نازناز لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند: ئەو سێ پرۆژەیە لە درێژەی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئێستا جێبەجێیان دەكەن و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە کە جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسرور بارزانی ڕێنمایی هەموو دامودەزگەكانی حكوومەت دەكات بۆ ئەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیەندرێنە سەرجەم شوێنەكانی هەرێمی كوردستان و ئێمەش بە دڵسۆزییەوە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی پرۆژە بەردەوام دەبین.
سەبارەت بە گرنگی ئەو پرۆژانە بۆ گەڕەكی نازناز، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی، ئەم پرۆژانە زۆر گرنگن بۆ گەڕەكی نازناز كە تاوەكوو ئێستا قیڕتاو نەكرابوو. لەبارەی داهات و ژمارەی پرۆژەكانیش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ژمارەیان سێ پرۆژەن و تێچوویان 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن، ڕاشیگەیاند ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی 30 پرۆژەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردان كە ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
پاشان هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گوتی: ئێستا لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر نزیكەی 30 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێكردندان و ئەمڕۆش زۆر خۆشحاڵین بە دانانی بەردی بناغەی قیڕتاوكردنی شەقامەكانی گەڕەكی نازناز كە پێشتر شەقامەكانی قیڕتاو نەكراوە و سەبارەت بە ژمارەی پرۆژەكانی ئەمڕۆش، گوتی: ئەمڕۆ سێ پرۆژە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت و گوژمەی هەموویان 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.”
Back to top button