پەکەکە لەپەنای خۆپیشاندانەوە نیازی ئاڵۆزکردنی دۆخی سلێمانی هەیە
پەکەکە لەپەنای خۆپیشاندانەوە، کە رێکخستنەکانی لێ ئاگادار کردووەتەوە و لە ڕێگەی ماسنجەرەوە بۆ ژمارەیەک چالاکوانی نزیک لە خۆی ناردووە و داوای لێ کردوون لە سلێمانی بەشداریی لە خۆپیشاندانێکدا بکەن و تیایدا دروشمی توند لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵێنەوە. توێژەرێکی سیاسیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خۆپیشاندانە زیاتر لە دژی ماڵی مام جەلال و یەکێتییە، نەوەکو پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سلێمانی رێکخستنەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێک لەمڕۆ دووشەممە 13-9-2021 ئاگادار کردووەتەوە و داواشی لێ کردوون، دروشمی توند لە دژی پارتی و سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بڵێنەوە.
هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، پەکەکە بەنیازە لەپەنای ئەو خۆپیشاندانەوە، دۆخی سلێمانی ئاڵۆز بکات و ئەگەری هەیە وەکو خۆپیشاندانەکانی پێشووی دیکەی، هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کادیرانی پارتی لە سلێمانی.
لەمبارەوە، د.سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی، ڕای گەیاند، ئەو کارەی پەکەکە دەیەوێ بیکات، لەبنەڕەتدا دژ بە یەکێتییە، زیاتر لەوەی دژی پارتی بێت، گوتی: ”پەکەکە لە یەکێتی پەستە و پێی وایە، لادانی لاهوور جەنگی بە ڕێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی بووە لەگەڵ تورکیا، هەروەها ئەو کارەی پەکەکە لەو خۆپیشاندانە، کە نیازیەتی بیکات، یەکەمیان، بۆ دروستکردنی فەوزایە لە سلێمانی و دووەمیان، بۆ فشارخستنە سەر بافڵ تاڵەبانی و یەکێتییە، چونکە پەکەکە خۆی لەبنچینەدا حزبێکی فاشی، تۆتالیتاری و فەوزەوییە، ئەو کارەش بۆ ئاڵۆزکردنی سلێمانی دەکەن، زیاتر بۆ ئەوەیە یەکێتی لەو فەوزا دروستکردنە رووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوانیش بڵێن ئەوەتا ئەو یەکێتییەی ئێستای دەستی بافڵ تاڵەبانی لە دژی ئازادییەکانە، بەوەش وەبەرهێنانەکانی خۆیانی تیادا بکەن“.
ئەو توێژەرە پێشی وابوو، هەر هێرشکردنە سەر بارەگایەکی پارتی بە قازانجی پارتی دەکەوێتەوە، گوتی: ”هێرشی پەکەکە بۆ سەر بارەگاکانی پارتی لەم دۆخەی هەڵبژاردندا، بە قازانجی دەنگی پارتی دەبێت، چونکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان سۆزی زیاتر بۆ پارتی دروست دەکات“.
ئەو چاودێرە سیاسییە، ئاشکراشی کرد، پەکەکە بۆ نانەوەی فەوزا، دەیەوێ کەڵک لەو هەژموونەی خۆی وەربگرێت لە سلێمانی و وەبەرهێنانی تیادا بکات، بەتایبەتی دوای رووخانی لاهوور جەنگی لەناو یەکێتی، پەکەکە دەیەوێ خۆی وەکو بەدیلێک و شوێنگرەوەیەک بۆ ئەو هێزانە پیشان بدات، کە بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، پارە دەدەن بە جاشەکانیان، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە، کە ئایا یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی، ئەوەی بەرامبەر بە لاهوور جەنگی کردییان، دەتوانن بە پەکەکەشی بکەن؟ هیوادارین بتوانن و ئەو پەڵە ڕەشەش لەسەر سلێمانی لابدەن“.
س:باسنيوز