سیناتی فەڕەنسا هاوكاریی پەرلەمانی كوردستان دەكات
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی پاریسی پایتەختی فەڕەنسایان كردووە و ژمارەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنەكانی سیناتی فەڕەنسا ئەنجام داوە، یەكێك لە ئەندامانی شاندەكەش دەڵێ: “دەمانەوێ پەیوەندیی باشمان لەگەڵ سیناتی فەڕەنسا هەبێت و ئەوانیش لە نووسینەوەی دەستووردا هاوكاریی پەرلەمانی كوردستان دەكەن”.
خەدیجە عومەر مزووری، كە ئەندامی شاندەكەیە، لەبارەی سەردانەكەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتووه: “ماوەی هەفتەیەكە وەكو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان سەردانی فەڕەنسامان كردووە و، سەرەتا لەگەڵ لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا كۆبووینەوە و دواتریش لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری تریش، هەروەها لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی دۆستایەتیی كورد و پێكهاتەكان كە هاوكات ئەندامی لیژنەی داراییە لەنێو سیناتی فەڕەنسا سناتور (غیمی فیغو) كۆبووینەوە و، سوپاس و پێزانینی خۆمان دەربڕی بۆ فەڕەنسا كە هەمیشە پاڵپشتی گەلی كوردە، بە تایبەت لە قۆناغە سەختەكاندا”.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان، ئەو ئەندامەی شاندەكە رایگەیاندووه: “سەردانەكەمان بۆ ئەوەیە هەماهەنگییەكی باش دروست بكەین و زیاتر ئاگاداری ئیشوكاری لیژنەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا، بە تایبەت لیژنە یاسایی بین و بتوانین سوود لە ئەزموونیان وەربگرین، بۆ ئەوەی ئێمەش لە كاری خۆمان سوود لە شارەزایی ئەوان وەربگرین”.
مزووری دەشڵێ: “لەو سەردانەماندا باسی پرسی نووسینەوەی دەستووریشمان كرد و داوامان كرد فەڕەنسا هاوكارمان بێت و ئەو شارەزاییەی ئەوان هەیانە وەكو وڵاتێكی پێشكەوتوو لە بواری دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، پێمان بدەن، تاوەكو ئێمەش دەستوورێكی مودێرن و دیموكراسی بۆ كوردستان بنووسینەوە، ئەوانیش لای خۆیان ئامادەییان دەربڕی كە ئەو شارەزاییەی هەیانە بە كوردستانی بگەیەنن، بۆیە لە داهاتوودا ئێمەش داوەتی فەرمییان دەكەین بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، تاوەكو زیاتر پەیوەندیمان بەهێزتر بێت و لە تەجروبەی ئەوان سوودمەند بین، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە وەكو لیژنەی یاسایی سیناتی فەڕەنسا هەر كاتێك پێویست بكات لە داهاتوودا سەردانەكە ئەنجام دەدەن”.