ساسان عەونی: سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی داوە ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار خەرج بكرێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت ماوەی 10 ساڵ بوو بەهۆی قەیرانەكانەوە نەتواندرابوو بودجەیەكی پێویست بۆ كەرتی شوێنەوار دابنرێت، ئێستا سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی نیشان داوە كە ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار تەرخان بكرێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یش ئامانجی ئەوەیە زۆرترین شوێنەوارەكانی وڵاتەكەمان بخاتە ڕیزی شوێنەوارە جیهانییەكان.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارێكیدا لە كاتی واژووكردنی گرێبەستێكی مۆڵەتی شوێنەوار لەگەڵ ژمارەیەك زانكۆی بیانی، ڕایگەیاند:” لە سۆنگەی بایەخدان بە بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە كە ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار تەرخان بكرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێیوایە ئەو 900 ملیۆن دینارە دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: ئەو بودجەیەی سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی لەسەر داوە، كاریگەری لەسەر بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار دەبێت.
سەبارەت بە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار و ناساندنی بۆ ڕیزی شوێنەوارە جیهانییەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەرتی شوێنەواری كوردستان ببەینە ڕیزی شوێنەوارە جیهانییەكان، بە ناساندنی زۆرترین شوێنەواری وڵاتەكەمان بۆ ڕیزی شوێنەوارە جیهانییەكان.