هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جیهان راده‌گیرێت

خواكوڕك

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌مه‌ 2/3/2017 هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگیراوه‌ و هێزێکی سەربازی نەناسراویش لە کەرکووک چووەته‌ نێو کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە، سه‌رچاوه‌یه‌كیش بۆ (خواكوڕك) ئه‌و هێزه‌ ئاشكراده‌كات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (خواكوڕك)ی رایگه‌یاند، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ خورماتوو به‌نهێنی هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی هاتوونه‌ته‌ به‌شی باشووری رۆژئاوای شاره‌كه‌، له‌وكاته‌ی هاتوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ هیچ جوڵه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌ و به‌نهێنی ماونه‌ته‌وه‌.

ئه‌وسه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، به‌یانی ئه‌مڕۆ هێزه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ جوڵێنراوه‌ و روویكردۆته‌ نێو پاڵاوتگه‌ی نه‌وتی باكوور و ئێستاش سه‌رجه‌م كاره‌كانی ئه‌و پاڵاوتگه‌یه‌ی راگرتووه‌. ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هاتنی هێزه‌كه‌، په‌یوه‌ندی به‌رێكه‌وتنی نه‌وتی نێوان عێراق و ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژی 20-2-2017 رێكه‌وتنێك له‌ نێوان ئێران و عێراق واژۆ كراوه‌ بۆ هه‌نارده‌كرنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆڕیه‌وه‌ بۆ ئێران، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامدرایه‌وه‌ و به‌ رێكه‌وتنێكی بێ بایه‌خ وه‌سف كرا.

پێشتر به‌پێی رێكه‌وتنێكی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، رۆژانه‌ هەرێمی كوردستان 150 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی بای حەسەن و هاڤانا، و حكومەتی عێراقیش بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەی باكوور بەرهەمدەهێنێت، جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆی وەک سووتەمەنی وێستگەكانی كارەبا، نزیكەی 120 هەزار بەرمیلی لەو نەوتە لە رێگای بۆڕی كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكرێت.

Back to top button