كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا ڕاگه‌یاندراوێكی له‌باره‌ی دیداری بۆریس جۆنسن و نێچیرڤان بارزانی بڵاو كرده‌وه

كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، لێدوانی ڕۆژنامەوانی له‌باره‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بڵاو كرده‌وه و ڕایگه‌یاند هه‌ردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ گەلی کورد و تەواوی عێراق.
ئه‌مڕۆ، شه‌ممه 18/9/2021، كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی بڵاو كرده‌وه و رایگه‌یاند، سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆ بووەوە.
باس له‌وه‌ش كراوه: هەردوو سەرکردە هاوڕا بوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ گەلی کورد و تەواوی عێراق و ئاماژە بەوەش کراوە، پەیوەندییەکان قووڵ و مێژوویین و هەردوو سەرکردەش سووربوونی خۆیان بۆ پەرەدان پێیان دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
دووپاتیش كراوه‌ته‌وه كه سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دۆخی ئێستای ئەفغانستانیان تاوتوێ کرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی رێگەگرتن لە دروستبوونی هەڕەشەی تیرۆرستی لەو وڵاتەوە کردەوە.
ژمارەیەک پرسی دیکەی هەرێمی لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێ کراون و سەرۆک وەزیران بەپێویستی زانی ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە. سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا پێشوازیی لەو هەنگاوانە کرد کە عێراق گرتوویه‌تییە به‌ر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاڵپشتیی شانشینی یەکگرتوویشی بۆ ئەو هەوڵانە نیشان دا لە کاتێکدا کە بەرەو 26ـەمین لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڕۆین.