كەمال بوركای: خەباتی نەتەوەیی بارزانی و خانەوادەكەی بەڕێز و دادپەروەرانەیە

 كەمال بوركای، سیاسەتمەداری بەناوبانگی كورد لە توركیا، باس لە گرنگیی ڕۆڵی خانەوادەی بارزانی لە ناوچەكەدا دەكات و دەڵێت خانەوادەی بارزانی لە دێرزەمانەوە خەباتی نەتەوەییان بۆ كورد کردووە و تاوەكوو ئێستاش بەردەوامن.

بوركای دەربارەی ئەوەی کە هەموو پێكهاتەیەك ڕوویان تێ دەكات و بە یەك چاو مامەڵە و ڕەفتاریان لەگەڵدا دەكەن، ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی بە گرنگ دەزانێت.

كەمال بوركای، نووسەری بەناوبانگی كورد لە توركیا کە پێشتر سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی ”حەق پار” بووە و خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەیە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە دەربارە ئەوەی كە بارزانی و پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ چەپەكان و محافیزكارەكان دەكەن، لەو بارەیەوە دەستخۆشییان لێ دەكات و بە ”مامەڵەیەکی دادپەروەرانە“ وەسفی دەکات.

بارزانی و پارتەكەی و خەباتی نەتەوەیی

بوركای دەنووسێت: ”هەندێك دەیانەوێت بە خراپە باسی ئەو سۆسیالیستانە بكەن كە لەژێر دەسەڵاتی بارزانی و پارتیدا گیرساونەتەوە، بارزانی و خانەوادەكەی دەیان ساڵە خەباتی نەتەوەیی بەڕێوە دەبەن و لەو ڕووەوە ڕۆڵێكی كاریگەریان هەیە و باجی زۆر قورسیان داوە، بۆیە جێگەی ڕێزی تایبەتن، بارزانی و پارتەكەی، نە دژی سۆسیالیسزم و نە دژی دیموكراتییشن”.

بوركای لە نووسینەكەیدا باس لە گرنگیی پارتی بۆ باشووری كوردستان دەكات کە تا ساڵی 1990 دروشمی ”دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردی” بەرز كردبووەوە و لە دوای شەڕی كەنداویش توانی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد مسۆگەر بكات و لە ماوەیەكی كورتیشدا فیدڕاڵییەتیان ڕاگەیاند.

لە درێژەی وتارەكەیدا بورکای دەنووسێت: ”لە سەردەمی شەڕی پارتیزانیدا لە كەمپەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆسیالیست و كۆمۆنیستیش هەبوو، نێوانیشیان زۆر باش بوو. چەند ساڵێك بەر لە ئێستاش بەڕێز بارزانی (مەدالیای بارزانی)ی بەخشییە عەزیز محەمەد، سكرتێری پێشووی پارتی كۆمۆنیست لە بەرانبەر ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی بە كوردستانی بەخشیوە”.

بوركای ساڵی 2012 هاتووەتە هەولێر و سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و لە بەرانبەر ئەو تێكۆشانەی بۆ ئازادی و گەلی كورد و كولتووری كورد لە توركیا كردوویەتی، لۆگۆی كوردستانیان بە دیاری پێشكەش كردووە، بۆیە سوپاسی پەرلەمان دەكات.

هەرێمی كوردستان دوورگەی ئازادییە

بوركای دڵخۆشە بەو دیموكراتییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و دەڵێت، نێوانی پارتی و یەكێتی زۆر جار بەرەو خراپی دەچێت، بەڵام حوكمڕانییەكی دیموكراتی، هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات، بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەشی، نموونە بەوە دەهێنێتەوە، کە هیچ زمانێك لە هەرێمی كوردستان قەدەغە نییە و جگە لە زمانی كوردی، پێنج زمانی تر قسەی پێ دەكرێت و هەموو نەتەوەیەكیش پارتی سیاسیی خۆی هەیە و قوتابخانەی تایبەت بە خۆیشیان هەیە و هەموو بیر و باوەڕێكیش بە ئازادی پەیڕەو دەكرێت، بۆیە هەرێمی كوردستان وەكوو دوورگەیەكی ئازادییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

س: باسنيوز

Back to top button