ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى: هەموو ئامادەكاریه‌كی پێویستمان بۆ هه‌ڵبژاردن كردووه‌

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئامادەكاریی تەواویان بۆ رۆژی هەڵبژاردن كردووە و 17 هەزار بریكاریان ئامادە كردووە، كە بەپێی رێنمایی كۆمسیۆن ڕاهێنانیان پێ كراوە.

سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ هەڵبژاردنی 10ـی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتوويه‌تى: “ماوەی ساڵێكە كار دەكەین و سەرەتا چووینە بەغدا لە دانانی بازنەكان جێپەنجەمان دیار بوو و دوای شەڕێكی زۆر لە بەرژەوەندیی كوردستان و پارتیمان بازنەكان دانران، دواتریش ئێمە لەسەر یاساكە شەڕمان كردووە و پاشان ڕێنماییمان بۆ لقەكان دەركردووە و دابەشكاریمان بۆ كاندیدەكان لە پیاو و ئافرەت كردووە و كاندیدانمان دیاری كردووە، لە تەواوی ناوچەكانیش بە تیم 17 هەزار بریكارمان ئامادە كردووە و داتابەیسێكی بریكاریشمان دروست كردووە، كە لە ئایندەدا سوودیان لێ وەردەگرین، هەروەها هەموو بریكارەكانمان بەپێی رێنمایی كۆمسیۆن ڕاهێنانیان پێ كراوە”.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتووشيه‌تى: “هەموو ئەو ئامادەكارییانەی پێویستن كردوومانە و فلێكسەكانمان چاپ كردووە و، ماڵ بە ماڵ بە خەڵكی خۆشەویستی خۆمان دەدرێت، كە رێنمایی چۆنیەتیی دەنگدانی تایبەت و گشتیی تێدایە”.

خەسرۆ گۆران، لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش گوتوويه‌تی: “لەو ناوچانە بارمان قورسترە، بۆ نموونە لە كەركووك كێبڕكێمان لەگەڵ پارتە عەرەبییەكان و توركمان و سوننە و شیعەكان و… هتد هەیە، چونكە جگە لەوە پرسی ئێمە لەو ناوچانە پرسی كوردایەتییە و نابێت شتێكی وا بكەین رێژەی كورد بە گشتی كەم بێتەوە، چ لە مووسڵ یان دیالە و سەڵاحەدین یاخود لە كەركووك بێت، جگە لەوەش بوونمان لەو ناوچانە نییە و داگیر كراون لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو ئێستا، پێشتر بارەگا و كادر و پێشمەرگە و دەنگدەری ئێمەی لێ بوو و ئێستا لەوێ نین، بۆیە كاری كاندید قورستر دەبێت لە كەركووك، جگە لەوەش كێشەی دەنگدەریشمان لە هەندێك شوێن هەیە و كاری قورسمان كردووە تاوەكو هەموویان بتوانن بەشدار بن لە دەنگدان و دەنگەكان بەفیڕۆ نەڕۆن”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه‌، كە چەندان سەردانیان بۆ بەغدا و مووسڵ و كەركووك كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان رێك بكەون، كە بە هیچ شێوەیەك گرفت بۆ كاندیدان و دەنگدەران دروست نەكرێت و گیانیان پارێزراو بێت لەو شوێنانەی بانگەشە و میتینگ و كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەری دەكەن.

راشیگەیاندووه‌: “تاوەكو ئێستا هیچ خرووقاتێك نەبووە، هەر كاندیدێكمان كێشەی بۆ دروست بكرێت، سكاڵا تۆمار دەكەین لە كۆمسیۆن و یوئێن و حكوومەتی عێراق و شوێنە پەیوەندیدارەكان”.

سەبارەت بە دەنگی ئاوارەكانیش، خەسرۆ گۆران ئاماژەی داوه‌: “بۆ ئەمجارە هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نابنەوە، یوئێن خۆی سەرپەرشتیی دەكات و، رێگا نادەین هیچ كەس تەداخولی كەمپەكان بكات.”

Back to top button