پارێزگاری هەولێر: ئه‌وه‌ی له‌تواناى ئێمه‌دا بێت بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان درێخى لێ ناكه‌ین

پارێزگاری هەولێر باس لە پرۆژەکانی سنووری قەزای شەقڵاوە دەکات و دەلێ هاووڵاتییان دڵنیادەکەینەوە ئەوەی له‌تواناماندا بێت بۆ خزمه‌تكردنیان درێخى لێ ناكه‌ن.

لە راگەیاندراوێکدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر  کە ئەمڕۆ شەممە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و نووسیوویەتی: “سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18/9/2021، به‌یاوه‌رى ئه‌ندازیار عه‌لى ڕه‌شید، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر و مه‌سعود كاره‌ش، جێگرى پارێزگار و ئيبراهيم شێخه‌ڵا، قائيمقامى قه‌زايى شه‌قڵاوه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى شاره‌وانییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى به‌ستۆره‌ و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌به‌رپرسانى ناوچه‌كه‌، دواى ته‌واوبوونى پڕۆژه‌كه‌، له‌ڕێوره‌سميكدا پڕۆژه‌ى قیرتاوكردنى شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانى گه‌ڕه‌كی ئازادیمان له‌ به‌ستۆره‌ كرده‌وه‌”.

خۆشناو دەشلێ “وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌و ئیمكانیه‌ته‌ دیاریكراوه‌ى له‌به‌رده‌ستماندایه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحییه‌ و گونده‌كان، به‌تایبه‌تى ئه‌و شوینانه‌ى كه‌ كه‌مترین ده‌ستى خزمه‌تگوزارییان پێگه‌یشتووه‌”.

هەروەها پارێزگاری هەولێر هاوڵاتییانى سنوورى پاریزگاكه‌ دڵنیا دەکاتەوە ئه‌وه‌ی له‌تواناى ئەواندا بێت بۆ خزمه‌تكردنى هاووڵاتییان و هاوشاریانى پارێزگاكه‌ درێخى لێ ناكه‌ن.

Back to top button