ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن: ئەرکمان تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکەین.
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری دەزگای میدیای خواکوڕک ئامادەی لە ھەولێر گوتی، ئامانجیان چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنە و ئەرکمان تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکەین.
سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا گوتیشی، ئەمە یەكەمین نێردەی یەكێتی ئەوروپایە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بوونی ئێمە وەكو نێردەی یەكێتی ئەوروپا ھەوڵێكە لەپێناو زیادكردنی متمانەی ھاووڵاتیان بۆ پڕۆسەكە.
ناوبراو زیاتر گوتی: “ئێمە لێرەین تەنیا بۆ چاودێریكردن و ھەڵسەنگاندنی پڕۆسەكە. نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ چاودێریكردنی ھەڵبژاردنەكان سەربەخۆ و بێلایەنە، بەھیچ شێوەیەك دەستێوەردان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا ناكات”.
لە کۆتایی قسەکانیشی دا کرامۆن گوتی، “كارەكانمان پێكدێت لە چوارچێوەیەكی یاسایی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن و چاودێریكردنی چالاكییەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەگشتی”.