وه‌زیری په‌روه‌رده‌: له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌ كردار گرنگیی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ دراوه‌

 

 

ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌، له‌ كۆنفرانسی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان له‌ دهۆك، دووپاتی كرده‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی پرۆسه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌ و فێركاری بووه‌ و پرۆسه‌كه‌‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ستراتیژی كابینه‌ی نۆیه‌م‌ و پانتاییه‌كی فراوانی گرتووه.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ د. ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌، له‌ كۆنفرانسی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان له‌ دهۆك، ڕایگه‌یاند: سوپاسی پاڵپشتی و گرنگیدانی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پرۆسه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌ و فێركاری ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ستراتیژی كابینه‌ی نۆیه‌م‌ و پانتاییه‌كی فراوانی گرتووه‌ و به‌ كرداریش پشتگیری كراوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌سه‌ر راسپارده‌ی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران، بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌م و پرۆسه‌ی په‌روه‌ر‌ده‌ی كوردستانی به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ بنه‌ما پرۆسه‌ جیهانییه‌كان دابمه‌زرێنین پڕۆژه‌یاسایه‌كی باشمان هه‌بێ و ئێسته‌ له‌ قۆناغی به‌دیهاتندایه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك ستراتیژ و فێركاری كار بكه‌ن، خاڵێكی گرنگ په‌یوه‌ندیی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌یه‌ و له‌و رووه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی باشیان دروست كردووه‌.

گوتیشی: پرۆسه‌ی كوالێتیی به‌شێوه‌یه‌ك تاڕادده‌یه‌ك لاواز به‌ڕێوه‌ چووه‌، له‌ وه‌رزی 2019/2020 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ هاوكاریی ڕێكخراوی بریتش كونسڵ، ده‌ستپێكی پرۆسه‌یه‌كمان بنیات نا، به‌ ناوی پڕۆژه‌ی بنیاتنانی تواناكان بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی كوالێتی و دڵنیایی جۆری، له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر بوو، ئه‌وه‌ش ده‌ستپێك بوو، به‌ڵام دۆخی كۆرۆنا نه‌یهێشت ئه‌نجامه‌كانی ڕابگه‌یه‌نین، چووینه‌ قۆناغێكه‌وه‌ له‌ رووی كوالێتییه‌وه‌ پۆلێنبه‌ندیی قوتابخانه‌ حكوومییه‌كان بكرێ، ئاستێكی باشمان به‌ڕێ كرد و 3 هه‌زار قوتابخانه‌مان هه‌ڵسه‌نگاند به‌گوێره‌ی چوار پێوه‌ر، ئه‌مساڵیش پرۆسه‌كه‌مان سه‌رپێ خستووه‌ته‌وه‌.

گوتیشی: ئێمه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كی فراوانمان ئاماده‌ كردووه‌، تێیدا به‌ردی بناغه‌ی سیسته‌مێكی كوالێتی، كه‌ خۆی ببێته‌ ڕێكخه‌ر، ڕێكمان خستووه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ به‌شێكی گرنگی باس له‌ كوالێتی ده‌كا، له‌ ناو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌.

Back to top button