ليزا كاكه‌يى: ھەوڵی کەمکردنەوەی دەنگی کورد له‌ كه‌ركووك دەدرێت

سەرەڕای ھەبوونی ئوفیسی کۆمسیۆن لە کەرکووک لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک پێکھاتووە و ئەندامێکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانیش دەڵێ، لە کۆی پێنج ئەندامی لیژنەکە ھیچ کوردێکی تێدا نیە.

لیزا کاکەیی، ئەندامی  لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی په‌رله‌مانی كوردستان، راگەیاندووه‌، “کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە کەرکووک بەڕێوەبەرەکەی کورد بوو و ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو له‌ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکان و چاودێری پڕۆسەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەردوو پێکھاتەی عەرەب و تورکومانی کەرکووک دژی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەن بۆ کەرکووک تا چەند رۆژێک پێش ئێستا داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان دەکرد لە کەرکووک، بەڵام ئێستا ھەڵبژاردن ھەر دەکرێت لە کەرکووک، لەبەر ئەوەیش دەیانەوێ لە ڕێگەی دیکەوە پیلانەکانیان جێبەجێ بکەن.

ئەندامەکەی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان گوتیشی، “لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک پێکھاتووە  بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەکە لە پێنج ئەندام پێکھاتووە، ئەوەی جێگەی گومانە ھەر پێنج ئەندامی لیژنەکە لە پێکھاتەی عەرەب و تورکومانن و ھیچ کوردێکی تێدا نیە، ئەمە لە کاتێکدایە کورد پێکھاتەیەکی سەرەکی کەرکووکە.

لیزا کاکەیی بۆ ماڵپه‌رى فه‌رميى پارتى ديموكراتى كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووه‌، “ئەگەر ئەو لیژنەیە بەردەوامبێت لە کارەکانی تا رۆژی دەنگدان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دەنگی کورد دەبێت لە کەرکووک، ھەوڵی کەمکردنەوەی دەنگی کورد دەدرێت، بەداخەوە بێبەشکردنی کورد لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونکە پێکھاتەی کریستیانیش بێبەشکراوە ئەوەیش گومان دەخاتە سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کەرکووک.

Back to top button