نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ به سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندندا بچینه‌وه
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ٢٠٢١/٩/١٩ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری له کۆنفرانسی پەروەردەییی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستاندا لە دهۆک کرد که به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیران و به‌رپرسان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کانی بواری په‌روه‌ره‌ده و خوێندنی باڵا و یوونسێف و کونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان به‌ڕێوه چوو.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ی کێشه‌کانی بواری په‌روه‌رده و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌رکردنی، وتارێکی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی:
به‌يانيتان باش، به خێر بێن..
جەنابی سەرۆك وەزیران، سەرۆكی زانكۆ، ئامادەبووانی بەڕێز، هەموو لایەكتان بەخێر بێن. پێومایە ماوەیەك، زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر و له‌وانه‌یه زیاتریش بێت، لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ ئەم بابەتەی پەروەردەمان باس دەكرد كە چی گرنگە بكرێت و ئەو ڕیفۆرم و كارانەی پێویستە لە پەروەردەدا بكرێت، بكەوێتە بەر باس و لێكۆڵینەوە. خۆشحاڵم كە هەندێك لە ئامادەبووان دەبینم پێشتر بە جددی كاریان لەسەر ئەم بابەتە كردووە و لێرە ئامادەن و بێگومان ئەم كۆنفرانسە دەوڵەمەندتر دەكەن.
دەمەوێ وەك خۆم شتێكتان پێ بڵێم، بۆ من ئەم كۆنفرانسە ئەوەندە گرنگ بوو كە لە سەفەر بووین و هەموو داکۆکیم لەسەر ئەوە بوو كە چۆن بتوانم لە كاتی خۆیدا بگەمە ئەم كۆنفرانسە، واتە هەموو شتێكم كرد بێ ئەوەی بچمە ناو وردەكاری، تەنیا بۆ بەشداریكردن لەم كۆنفرانسەدا و بە ڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشدارم لەم كۆنفرانسەدا و هەموو لایەكتان بەخێربێن.
ئەم كۆنفرانسە بابه‌تێكى زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووى نه‌وه‌كانمان، پێكه‌وه كۆمانده‌كاته‌وه. په‌روه‌رده بنه‌ماى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتووه. سيستمێكى دروستى په‌روه‌رده‌يى، گه‌ره‌نتيى ئێستا و داهاتووى گه‌شى نه‌وه‌كانمانه.
سيستمى په‌روه‌رده‌يى و خوێندن له هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر له باخچه‌ى ساوايانه‌وه تا قۆناغه‌كانى خوێندنى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌يى، زانكۆيى و خوێندنى باڵا، پێويستى به پێداچوونه‌وه‌يه‌كى جددى و ڕيشه‌يييه. پێويستى به چاككردن و چاكسازييه، به شێوه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ پێوه‌ره زانستى و ستاندارده جيهانييه‌كانى ئه‌مڕۆى خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بگونجێت و بتوانێت ته‌با و هاوشانى ئه‌و پێشكه‌وتنه خێرايانه بێت كه ڕۆژانه له هه‌موو بواره‌كانى ژياندا دێتە پێش.
زانست و ته‌كنه‌لۆژيا هێنده خێرا پێشده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر به خۆمان نه‌كه‌وين و هه‌وڵ نه‌ده‌ين له‌گه‌ڵياندا بڕۆين، ده‌مێنينه‌وه. خراپيش ده‌مێنينه‌وه! پێشكه‌وتنى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى، چه‌مك و به‌ها و تێگه‌يشتنى نوێش له‌گه‌ڵ خۆيان‌دا ده‌هێنن و دۆخى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسيى نوێ دروست ده‌كات.
پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان ئه‌وه‌نده خێران، ڕوون و ڕه‌وانه كه ئێمه چيتر ناتوانين و ناكرێت ده‌ست به شێواز و ميتۆدى كۆنى په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه بگرين و له‌سه‌رى به‌رده‌وام بين. تا ڕۆژێك زووتر بكه‌وينه خۆ و ده‌ست به چاككردن و چاكسازى له كه‌رت و سيستمى په‌روه‌رده‌دا بكه‌ين، ئه‌وه‌نده زووتر ده‌گه‌ينه كاروانى كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوو لە جیهاندا. ئه‌وه‌نده شوێن و پێگه‌يه‌كى باشتر له داهاتووى نزيك و دووردا بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر دەكەین.
به‌ڕێزان..
ده‌كرێت دەستپێشخەریەکی وەک ئەم کۆنفرانسەی ئەمڕۆ لە دهۆك، هەنگاوێکی گرنگ و بەتین و بڕیاردەرانە بێت، ئەگەر پێکەوە، بوێرانە بیر و ئەندێشەمان بخەینە گەڕ بۆ دیاریکردنی گرفتەکانمان لەم بوارەدا. دیاريکردنی گرفتی پەروەردە، خوێندن و خوێندنی باڵا، دەبێ لە چوارچێوەی گۆڕانکاريی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، ئاسایش و تەکنەلۆژيی نوێ‌دا بێت.
پیشە و شارەزایيی بیست یان سی ساڵ لەمەوبەر، لەوانەیە ئێستا هەمان ڕۆڵ لە ژیانی زۆر کەس لە ئێمەدا نەبینێت! ئەمە پرۆسەیەکی سروشتيی گۆڕانکاريی کۆمەڵایەتییە. پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی کەموکورتیمان، واتاى باوەڕبەخۆبوونى ئێمه ده‌گه‌يه‌نێت. واتا وەک حکوومەت و وەزارەتی به‌رپرس و په‌يوه‌نديدار، وەک گەل و تاکی ئەم نیشتمانه، لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ دەبین.
دەبینين لە وڵاتانی پێشکەوتووی خاوەن تەکنەلۆژیای هەرە نوێ و سەرمایەی خەیاڵی، شارەزا و پسپۆڕی لێهاتوو لە زۆر وڵاتی دووره‌وه دەهێنن، یا ئەوان خۆيان ڕوو لەو وڵاتانی دەرەوە دەکەن.
بۆ؟! .. ..
بۆچی خەڵکی هیندستان، چین و کۆریای باشوور بە نموونە، لە هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا سەرکەوتووانە لە وڵاتی خۆیان و له ئەورووپا و ئەمەریکا، سەردەستی تەکنەلۆژیا، زانست، بازرگانی، سەرمایەداری، داهێنان، جوانکاری و جوانخوازین؟
وڵاتێکی وەک هیندستان بە نموونە، سەرباری مێژوویەکی درێژی هێرشی دەرەکی و دابەشبوون و کەمدەرامەتی و هەژاری و زۆريى ژمارەی دانیشتوانی، پاش چەندین ساڵی تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوام، هه‌نگاوى زۆر گه‌وره‌يان هه‌ڵێنا. ئێستا کەم کۆمپانیای جیهانی هەن، شارەزا و پسپۆڕی هینديیان تێدا نه‌بێت!
هۆی سەرەکيی دەسپێکی ئەم سەرکەوتنە، گۆڕانگاريی بنەڕەتی و سەردەمیانەی سیستەمی په‌روه‌رده بوو لە هه‌موو ئاست و لە هەموو قۆناغەكاندا. حکوومەتی هیندستان بە هاوکاريی نێودەوڵەتی و کادری خۆماڵی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەن و ئاستی پێویستدا، پرۆسەی چاككردن و چاکسازی کردە مۆرکی سەرهەڵدانەوەی توانای وڵاتەكەیان.
هەمان پرۆسە لە کۆریای باشوور، سینگاپوور، چین، فینلەندا، شانشینی ئوردن، ڕواندا و چەندين وڵاتی دیکە دووبارە کراونەتەوە. لێکفێربوون و ئاڵوگۆڕی بیر و پرۆگرام و ئەزموون، ئێستا زۆر لە جاران ئاسانترە. تەکنەلۆژیای نوێ، زۆر لایەنی ژیان و هاوکاريی نێوان گەل و وڵاتانى ئاسان کردووە.
ئه‌ى ئێمە دەتوانین چی لەم ئەزموونانه‌وە فێر بین؟!
چۆن سوودیان لێوەربگرین؟
چۆن بیانخەینە خزمەتی چاككردن و چاکسازی بۆ بواری پەروەرده لە کوردستان؟
ده‌كرێت هەنگاوی سەرەکی و گرنگ بە چەند کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەستپێ بکات.
بوێرانە، بێ ترس، ڕاشکاوانە، دەبێت لە بڕیاری کۆن و نوێمان بکۆڵینەوە. بیانخەینە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و زانستی، تا یارمەتیمان بدات تێبگەین و بزانین لە کوێ شکستمان هێناوە؟ لە کوێ سەرکەوتوو بووین؟!
ئەم جۆره له بیرکردنەوە، پەروەردەی نوێی دەوێت. بۆیە چاككردن و چاکسازی لە بواری پەروەردە و خوێندن لەسەر هه‌موو ئاستێک، ئەنجامی ڕاست و دروستمان بۆ دەستەبەر دەكات!
دەبێت بەو پەڕی توانامانەوە هەوڵ بدەین نەخشەی ژێرخانی ئایندەی گەل و نیشتمانمان بۆ ئەمڕۆ و سبەی دابڕ‌ێژین. دیارە ئێمەش وەک هه‌موو کۆمەڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتووى ئەم سەردەمە، دەبێت جەخت له‌سه‌ر زانست، ته‌كنه‌لۆژيا، ئه‌ندازيارى و بيركارى بكه‌ينه‌وه. ئێوه له من باشتر ده‌زانن ئه‌م چوارينه‌يه پێکەوە چارەسەری گرفتی ڕۆژانەی زۆربەی تاک و کۆمەڵگە و حکوومەته‌كان دەکەن.
ئێستا، زانست زۆر سنووری بەزاندووە. لە تێگەیشتن لە دڵۆپێک خوێنه‌وه بۆ سەردانی مانگ، زانستی ته‌نيا یەک کەس و یەک وڵات، بەڕێوەی نابات. هەر کەسێک، هەر نەتەوەیەک، یان هەر حکوومەتێک، کات و سەرچاوەی هزری و دارایی بۆ تەرخان بکات، دەتوانێت بەشدار بێت لە گەشەپێدان و بەکارهێنانی زانست لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا.
شێواز و ڕەوتی بەکارهێنانی ئه‌م چوارينه‌يه هەلی کار بۆ کەسانی بەتوانا دەڕەخسێنێت. گەشە بە ئابووريی وڵاتەکەمان دەدات. پەیوەنديی زانستی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەمان بەهێز دەكات. پیشەسازی بێ ئه‌وانه، بە ئاسانی لە هیچ وڵاتێک‌دا ڕیشە داناکوتێت. پيشە، مەرج نییە تەنها کاری ئەکادیمی بێت. پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی، شاگرد و شارەزای لە هه‌موو بوارێک‌دا دەوێت.
دەبێ بە جۆرێک بیر بکەینەوە کە پلانی بیست ساڵ و سی ساڵ نەمانترسێنێت! دەبێ بوێرانە و بە پشتگیريی بەرده‌وام، دەست لە چیرۆکی کۆنی خۆمان بەردەین و هەنگاوی نوێ بەرەو ئایندەی گەل و نیشتمانمان لە پرۆژەی پەروەردەی نوێ‌دا بنێین. با کوردستان بکەینە بەشدارێکی بوێر لە بواری پەروەردە و زانست، ته‌كنه‌لۆژيا، ئه‌ندازيارى و بيركاريدا.
سيستمێكى په‌روه‌رده و فێركردنمان ده‌وێت كه له‌گه‌ڵ خوێندنى باڵا وه‌ك يه‌ك پاگێج وا بێت و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و خوێندن هه‌ر له باخچه‌ى ساوايانه‌وه تا ته‌واوكردنى زانكۆ، ته‌واوكه‌رى يه‌كتر بێت. ده‌رچوويه‌ك به‌رهه‌م بهێنێت، كه‌سێكى بڕوابه‌خۆبوو، خاوه‌ن كه‌سايه‌تى، بيركه‌ره‌وه، ڕه‌خنه‌گر، سه‌ركرده، بڕيارده‌ر، ده‌سپێشخه‌ر و داهێنه‌ر بێت.
بڕواى به ئاڵوگۆڕى بيروڕا و گفتوگۆ و لێگه‌يشتن هه‌بێت و له ژيان و مامه‌ڵه‌ى ڕۆژانه‌دا، به كردار په‌يڕه‌و‌يان بكات.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
نياز و خواستى پێداچوونه‌وه به كه‌رتى په‌روه‌رده و خوێندن و باشتركردنى له هه‌رێمى كوردستان، تازه نييه. بۆ ئێستا و داهاتووش، ده‌بێ به جددى كارى له‌سه‌ر بكرێت و به‌پێى تواناى به‌رده‌ست ببێته يه‌كێك له ئه‌وله‌ويه‌ت و كاره هەرە له‌پێشينه‌كانمان لە حكوومەتی هەرێم.
بۆ ئه‌مه، پێشتريش چه‌ندين هه‌نگاو نراون، وه‌ك كۆنفرانسى ساڵى 2007 كه له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه گۆڕانكاريى ڕيشه‌يى له سيتسمى په‌روه‌رده‌دا كرد، هه‌روه‌ها ئاماده‌كردنى پرۆژه‌ياسايه‌ك له‌لايه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ په‌روه‌رده كه فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده و هه‌موو بواره‌كانى پرۆسه‌ى فێركارى و كاروبارى مامۆستايان و قوتابيانى له‌خۆگرتووه، به‌ڵام كاتى خۆى له په‌رله‌مان كارى له‌سه‌ر نه‌كرا! ئێستا حكوومەتی هەرێم نوێیكردۆتەوە بۆ ئه‌وه‌ى بنێردرێته‌وه په‌رله‌مان كه هه‌نگاوێكى باش و پێويست و جێی ڕێز و دەستخۆشییە لێیان.
ده‌بێ گرنگيى زياتر به ژێرخانى په‌روه‌رده‌يى، وه‌ك بنياتنان و دابينكردنى باڵه‌خانه و تاقيگه بدرێت، تاكو بتوانرێت پێشوازى له قوتابيان و خوێندكارانى تازه بكرێت كه ساڵانه ژماره‌يان زياتر له سه‌د هه‌زاره.
ڕاسته، پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لەڕووی زانستیيەوە بەپێی ستانداردەکانی جیهان دانراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە پێویستی بە نوێكردنه‌وه و ئەبدەیتکردنه‌وەیە. پێویستە زیاتر گرنگی بە زمانی ئینگلیزی و زمانه زيندووه‌كانى جيهان بدرێت وەک پێویستیيه‌كى سەردەم، لەگەڵ گرنگیدانی بەردەوام بە زمان و وێژه‌ى شیرینی کوردی و زمان و وێژه‌ى پێكهاته‌كانى ديكه‌ى کوردستان.
بەڕێزان..
مامۆستا، گرنگترین کۆڵەکەی سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنە، بۆیە وێڕاى گرنگیدان بە ژيان و گوزه‌رانى مامۆستا، ده‌بێ به‌رده‌وام ڕاهێنانيان پێ بكرێت و له‌ڕووى وانه‌گوتنه‌وه، زانستى، كۆمه‌ڵايه‌تى و ده‌روونييه‌وه گه‌شه به تايبه‌تمه‌ندى و تواناكانيان بدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش سوود له لايه‌ن و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و ئه‌زموونى وڵاتانى پێشكه‌وتوو وه‌ربگيرێت. هه‌روه‌ها گرنگييه‌كى تايبه‌ت به سه‌رپه‌رشتياريى په‌روه‌رده‌يى بدرێت كه يه‌كێك له كۆڵه‌كه گرنگه‌كانى كواڵيتيى خوێندن و زانست و كارگێڕيى په‌روه‌رده‌يييه.
خاڵێكى ديكه‌ى هه‌ره گرنگ و پێويست، به‌ستنه‌وه‌ى بازاڕى كار و ئابوورييه به په‌روه‌رده و خوێندنه‌وه. به‌داخه‌وه له هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی لاوازە و له ڕێژەی (له سه‌تا پێنج) تێناپەڕێت! بۆیە زۆرترین دەستی کاری بیانی لە هه‌موو شوێنەکانى وه‌ك هۆتێل، چێشتخانە، کارگە، وه‌ستاكارى و زۆربه‌ى بواره‌كانى پيشه‌ى ده‌ستيدا ده‌بينرێن. له كاتێكدا له وڵاته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانى جيهان كه خاوه‌نى ئابووريى به‌هێزن، خوێندنى پيشه‌يى له ئاستێكى زۆر به‌رزدايه.
بۆ ئاماده‌كردنى ده‌ستى كارى پيشه‌گه‌ر، له هه‌موو بواره‌كاندا پێويستيمان به بايه‌خدانێكى زياتر و به ژماره‌يه‌كى زۆرى قوتابخانه و ئاماده‌يى و په‌يمانگه‌ى پيشه‌يى هه‌يه. ئه‌مه بۆ ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان زۆر پێويسته و ده‌بێ پرۆسه‌ى خوێندن و په‌ره‌وه‌رده به شێوه‌يه‌ك ئاراسته بكرێت كه پێداويستييه‌كانى وڵات له ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنياتان و له بازاڕى كار و له هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تايبه‌ت دابين بكات.
ناكرێت مه‌به‌ستى خوێندن ته‌نيا به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌يه‌كى زانكۆيى و یان خوێندنى باڵا بێت! خوێندن و بڕوانامه ده‌بێ بۆ بنياتنان و ئاوه‌دانى و پێشخستنى وڵات سوودى هه‌بێت و بتوانێت كارى پێ بكات، نه‌ك بۆ ورد و درشتى هه‌ر كارێكى ده‌ستى، ناچار بين خه‌ڵك له ده‌ره‌وەی هەرێم بهێنين بۆ كاركردن! ئه‌م شێوازه به ته‌واوى شكستخواردووه و ئيتر ده‌بێ هەوڵی جددی بدەین لە هەرێمی كوردستان كۆتايى پێ بێت!
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌يه‌دا ده‌بێ به شێوه‌يه‌كى زانستى هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه به خوێندنى باڵا و زانكۆكان و خوێندن و زانكۆى ئه‌هليدا بكرێته‌وه، بايه‌خ و گرنگيى زياتر به توێژينه‌وه‌ى زانستى بدرێت.
به‌ڕێزان..
كه باس له پێشخستنى په‌روه‌رده و گه‌يشتن به كاروانى پێشكه‌وتنى گه‌لان ده‌كه‌ين، مه‌به‌ست به ته‌نيا ئه‌وه نييه له بواره‌كانى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى و پزيشكى و ئه‌ندازياريدا پێشكه‌وين! نه‌خێر، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، ده‌بێ كۆڵه‌كه‌يه‌كى گرنگى په‌روه‌رده‌ييمان ئه‌وه بێت كه مرۆڤ بنيات بنێين، مرۆڤسازى بكه‌ين.
ڕاسته مرۆڤێكى چه‌كدار به زانست زۆر زۆر پێويسته، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا مرۆڤێكمان ده‌وێت كه له‌ڕووى ڕۆشنبيرى، ڕۆحى، فكرى و فه‌لسه‌فييه‌وه تێر و وشيار و تێگه‌يشتوو بێت، ئه‌هلى كتێب و خوێندنه‌وه، ڕامان و بيركردنه‌وه و تێگه‌يشتن له مانا و به‌ها و چه‌مكى ڕۆحى و عيرفانى و مرۆيى بێت.
له ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتى و له كوردستانيش سه‌رمايه و سامانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى ئه‌و چه‌مك و جيهانه ڕۆحييه له شيعر و ئه‌ده‌بيات و چيرۆك و به‌سه‌رهاتى كۆن و تازه‌ى ئێمه و گه‌لانى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه. ده‌بێ له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى ڕۆحى و مرۆڤسازيدا، سوود له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندييانه ببينين.
حه‌زره‌تى خانى و جزيرى، نالى و مه‌حوى، مه‌ولانا، خه‌ييام و شه‌مسى ته‌بريزى و ده‌يان ناوى گه‌شاوه‌ى ديكه، ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كى زۆريان له‌و جيهانه ڕۆحى و ئه‌ده‌بى و فه‌لسه‌فى و عيرفانييه بۆ ئێمه جێهێشتووه كه ده‌كرێ ڕۆح و گيانى پێ ئاو بدرێت.
هيواى سه‌ركه‌وتن و ده‌ره‌نجام و ڕاسپارده‌ى بنياتنه‌ر و كرده‌يى بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوازم كه ببێته هۆى به‌ره‌وپێشبردنى په‌روه‌رده له هەموو ڕوویەكەوە هه‌رێمى كوردستان. خۆشحاڵیشم كە لەم كۆنفرانسەدا بەشداریم كردووە و پێموایە ئەمە دەستپێشخەرییەكی تا بڵێی گرنگە كە زانكۆی ئەمەریكی لە دهۆك جێبەجێی دەكات و بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆك وەزیرانیش، با ئەوەشتان پێ بڵێم كە یەكێك لە قوتابییە هەرە زیرەكەكانیش بوو لە قوتابخانە كاتی خۆی، ئەویش دەتوانێت و ئەو دیدگا و ڕوانگه‌یه‌شی هەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. بە هاوكاریی هەموو لایەكتان پەنا بەخوا بتوانین لەم پرۆسەیەدا سەركەوین، ئەمە كلیكی سەركەوتنی كوردستانە، شتەكانی دی هەموو بە لایەك، بەڵام كاركردن لەسەر ئەم بابەتە كە بە خۆشحاڵییەوە جەنابی سەرۆك وەزیران و كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم دەیانەوێ ئەمە ببێتە ئەولەویەتی یەكەمی حكوومەت، بە یارمەتیی هەموو لایەكتان پەنا بە خوا سەركەوتوو دەبن لەم كارەدا.
زۆر سوپاس.