هەولێر.. پێنج پرۆژە بۆ پەرەپێدانی سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن
بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ پێنج پرۆژە لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش گوژمەی زیاتر لە 101 ملیۆن دیناری بۆ تەواوكردن و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكان خەرج كرد.
بە گوێرەی فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داهاتی ڕێژەی 17%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بڕیاری خەرجكردنی گوژمەی ( 101,433,500) سەد و یەك ملیۆن و چوار سەد و سی و سێ هەزار و پێنجسەد دیناری دا.
خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە، بۆ جێبەجێكردنی پێنج پرۆژەی دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاوە، كە بریتین لە دروستكردنی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی ڕزگاری كۆڵانی 27، هەروەها دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی تەعجیل تەنیشت پاركی گڵكەند، لەگەڵ چاككردنەوەی سیستەمی (plc) لە (grit chamber)ى وێستگەی ئیفراز دوو، چاككردنەوەی میكانی پرۆژەی ئاوی ئیفراز دوو لە ئیفراز و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە سێبیران.