میدیای سه‌ربه‌ مەلا بەختیار وەڵامێكی توندی كاندیدێكی یەكێتی دەداتەوە

میدیای سەر بە مەلا بەختیار، ئەندامی دەستەی باڵای بەرژوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە توندی وەڵامی د. ئاسۆ فەرەیدوون، كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە

ماڵپەڕی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، نووسینێكی بە ناوی بەشی توێژینەوەی چاودێر ئەمڕۆ یەكشەممە ١٩ی ٩ی ٢٠٢١، بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە ئاسۆ فەرەیدوون لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا، باسی دیموکراسی و یەک کورسیی پەرلەمان یان کورسیی زۆری کردووە ”گوایە ئەمە وەکوو وەڵامی مەلا بەختیارە به‌وه‌ى یەکێتی یەک کورسیش بێنێ ھەر یەکێتییە”، مەبەستی ئەوە بووە: ”کە لە کوردستاندا حزبی ھێزی چەکدار، کورسییش کەم بێنێ، کە حکوومەت پێکھێنرا، ناتوانرێ ئەو حزبە چەکدارە پشتگوێ بخرێ“.

له‌ نووسينه‌كه‌دا ماڵپه‌رى چاودێرى سه‌ر به‌ مه‌لابه‌ختيار پرسیاری ئەوەشیان لە ئاسۆ فەرەیدوون كردووە، پێشتر ”دوو ساڵی یەکەم کرایە پارێزگاری سلێمانی، ئەمە لە کاتێکدا گۆڕان لە یەکێتی زیاتر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی ھەبوو. ئێستاش د. ھەڤاڵ پارێزگاری سلێمانییە، ئایا بەبێ پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی یەکێتی ھیچی پێ دەکرێ؟“.

ئەو وەڵامەی میدیاكەی مەلا بەختیار بۆ كاندیدەكەی یەكێتی لە بەشی كۆتاییدا توندتر بووە و باس لەوە كراوە كە ئاسۆ فەرەیدوون ”نەک ئەو ساڵانەی لە کوردستان بووە، بەڵکوو ھەموو ئەو ساڵانەی لە لەندەنیش بووە، ھیچ لە دیموکراسی تێنەگەیشتووە، ئێمە دەزانین کە د. ئاسۆ بەو قسانەی لەسەر دیموکراسی و ناڕاستەوخۆ وەڵامدانەوەی مەلا بەختیار، زوڕنای ناشارەزایی لە دیموکراسی و سیاسەت لەم کاتەی کێشەکانی یەکێتیدا بۆ کام تەکەتول و بۆ ڕاکێشانی سۆزی کام بەشی دەنگدەر فەرمووە؟ بێگومان ھەر بۆ ئەو تەکەتول و بەشەیە کە بێ پرسی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی، د. ئاسۆیان کاندید کردووە“.

لە كۆتایى نووسينه‌كه‌ش باس لە هەندێك بابەتی هەستیار كراوە و ماڵپه‌ره‌كه‌ نووسيوويه‌تى”لەبەر ئەوەی یەکێتی و خۆشی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنن، باسی ھەندێک مەسەلەی ھەستیاری زۆر تایبەتی سەبارەت بە د. ئاسۆ ناکەین“.

Back to top button