گوتەبێژی پارتی : “سەرۆک بارزانی” ڕایسپاردووین بەشێوەیەکی هێمنانه بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بکەین

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان   لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (کوردستان تیڤی) دەڵێت، ئەوانەی لەسەر دژایەتیکردنی پارتی بەشێک لە خەڵکیان چەواشە کردووە، هەمیشە فاشیل بوون. هاوکات دیدگای خۆیان لەمەڕ ئارامکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند دەخاتە ڕوو، کە دەبێ ئەو هەستی خۆزاڵکردنەی ناوەند نەمێنێت، بەڵکوو تێ بگەن بە شەراکەت و تەوافق و تەوازنی ڕاستەقینە وڵات ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و، واز لە عەقڵییەتی کەڵەکەکردنی کێشەکان بێنن.

مەحموود محەممەد، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بە بانگەشەیەکی هێمنانە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کردووە، بانگەشەکان لە ئاستی  مێژوو و سەروەرییەکانی پارتین، هەروەها داوای لە کاندیدەکان کرد لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی خەیاڵی بە خەڵک نەدەن، بەڵکوو بەڵێنێک بێت کە لە توانای پارتیدا هەبێت جێبەجێی بکات.

مەحموود محەممەد ڕایگەیاند، پارتی پشتی بە متمانەی خەڵک بەستووە، چونکە خەڵک دەزانێت پارتی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی هاووڵاتییان دەدات و ڕێگە دەگرێت لە پێشێلکردنی مافەکانیان، بۆیە گەشبینین پارتی ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنی عێراق.

گوتیشی، دەمانەوێت دەستوور ببێتە بناغەی کۆکردنەوەی هەموو لایەک، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد هەندێک لایەن لە عێراق دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن، پێویستە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی دەستوور وەکوو خۆی کۆمەڵێک مافمان بۆ دەگەڕێتەوە و خۆشگوزەرانیش بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.

گوتەبێژی پارتی سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەڵێت، نەک بە تەنها کاندیدی پارتی بەڵکوو پێویستە هەموو کاندیدەکان ئازادبن لە بانگەشە کردن لەو بازنەی کە خۆیان تێیدا هەڵبژاردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێكکەوتنی شەنگال ڕێککەوتنێکی باش بوو بەڵام هەندێک ڕێگر و ئاستەنگ لە بەردەمیدا دروستبوون.

مەحموود محەممەد  بۆ ئەو لایەنانەی کە پارتی بە هۆکاری بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن گوتی، عێراق بەر لەوەی هەرێمی کوردستان نەوت بە سەربەخۆ بفرۆشێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڕی، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ڕێكخست لەگەڵ سەرجەم حیزبەکانی کوردستان تەنانەت حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەگەڵ ئەو ڕایە بوون کە نەوت بە سەربەخۆ بفرۆشرێت، ئاماژەی بەوەشکرد عێراق بە هاوکاری هەندێک کەس و لایەن لە هەرێمی کوردستان هەوڵی دەدا چۆک بە هەرێمی کوردستان دا بدات، بەڵام بە ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ نەیتوانی ئەو کارە بکات.

 لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، پێویستە عێراق واز لە کەلتووری خۆسەپاندن و کەڵەکەکردنی کێشە بهێنێت، چونکە کەڵەکردنی کێشە لە عێراق بووەتە کەلتوور لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

Back to top button