بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕادەگەیەندرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2021، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕادەگەیەندرێت.

دوێنێ یەکشەممە 19ـی ئەيلوولی 2021، مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان، 10 ئۆتۆمبێلی وەک دیاری بەخشی به شاری زاخۆ، بڕیارە ئەمڕۆش لە مەڕاسیمێکدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە شاری زاخۆ ڕابگەیەندرێت.

لە ڕێککەوتی 28ـی تەمموزی ساڵی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری کرد کە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ، بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە سۆران و زاخۆ، دوو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ ، کارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە دەکات.

هەروەها ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بیرۆکەی ئیدارەی سەربەخۆی ئەو ناوچانە لەلایەن  سەرۆک بارزانییەوە پێشنیارکراوە.

شایەنی باسە، زاخۆ بە دوورى 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشى باکوورى ڕۆژئاواى شارى دهۆک، هەروەها بەدوورى 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە نزیک دەروازەى ئیبراهیم خەلیل.

Back to top button