مه‌سرور بارزانی: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌ڵێنی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاندرا و سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دەستنیشانکرا، هەروەها بەڵێنی پێدان کەمتەرخەمی نەکات لە خزمەتکردن بە دەڤەرەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی ئەیلوولی 2021، مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ “گوهدار شێخۆی”ـی وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەکەی دیاریکرد.

مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هاتووین بۆ ئەوەی دڵی سەرۆک بارزانی خۆشبکەین و پەیمانەکەی ئەو جێبەجێ بکەین، کە لە پێشوودا بەڵێنی سەربەخۆبوونی ئیدارەکەی پێدابوون.

ئاماژەی بەوە کرد، ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ ئاسانکاری و خزمەتی زیاترە بۆ خەڵکی دەڤەرەکە و بەڵێنی پێدان کەمتەرخەمی نەکات لە خزمەتکردنی ئیدارە نوێیەکە.

ڕاشیگەیاند، زاخۆ شەهید و قوربانی زۆری داوە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بۆیە هەموومان قەرزاری خەڵکی زاخۆین، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش وەک وەفایەکە بەرامبەر ئەو قوربانیانەی لەو پێناوە بەخشیوویانە.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە کێشە بۆ خەڵک دروستبوو لە سنوورەوکانی ئەو دەڤەرە، بۆیە داوا لەهەمووو لایەک دەکەم ئەو زەحمەتی و ماندووبوونەیان لەبەرچاوبێت کە بۆ ڕزگارکردنی ئەو خاکە داومانە، هیواشی خواست خەڵکەکە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بتوانن بە ئارامی بژین.

لە بارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، داوا لە خەڵک دەکەم بەشداری هەڵبژاردن بکات، دەنگی هەموو کەسێک گرنگە، بۆیە نوێنەرەکانتان هەڵبژێرن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە دەستووری و یاساییەکانتان بکات، گوتیشی بە قسە و بەڵێنی ئەوانە هەڵمەخەڵەتێن کە ئێستا دەنگیان بڵندە و کرداریان نییە، دەنگ بدەن بەو نوێنەرانە کە خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان دەزانن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا دۆخێکی سەخت و دژوارمان لە ڕووی ئابووریەوە بەڕێکردووە، ئێستا ئاسۆی ڕوون و بەرنامەی ئابووری گەش هەیە و کوردستان بەرەو قۆناغێکی گەشتردەڕوات.

Back to top button