ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

لە ڕێککەوتی ١٧/٩/٢٠٢١ دا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای حکومەتی فیدراڵی عێراق بە کۆی دەنگ ئەرکی تیمی لێکۆلینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی بۆ ساڵێکى تر نوێکردەوە.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد، لە لێدوانێکدا گوتی `حکومەتی هەرێم پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە نوێ کردنەوەی ئەرکی یونیتاد.`

هەروەها، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی`لە سەروبەندی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ئەرکی تیمی یونیتاد لە عێراق کە خۆی لە کۆکردنەوە و هەلگرتنی بەڵگەنامەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش دەبینێتەوە، حکومەتی هەرێم داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەوڵە یاساییەکان چڕبکەنەوە بۆ هەنگاونان بۆ خێراکردنی پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆرستانی داعش تا بەرپرسیارەتی تەواو هەڵبگرن لە بەرامبەر ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، و تاوانی جینۆساید.`

حکومەتی هەرێم، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرووەکان – کە یونیتادی پێ دامەزراوە – و مافە دەستوورییەکانی، میکانزمێکی هاوبەشی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داناوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بەڵگەنامە و دابینکردنی ڕاهێنانی دادوەری، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی دادگاییکردنێکی سەرکەوتوو و بێلایەن.

`ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ناوچەی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی گرتەوە، یەکێک بووە لە تاوانە هەرە ترسناکەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە مێژووی هاوچەرخدا، بەشێک بوو لە هێرشێکی بەرفراوان کە تیرۆریستانی داعش دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیان دا. ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا کارەساتێکە کە قووڵایی ویژدانی ئێمەی هەژاند و گوزارشتی لە نمایشکردنی قێزەونترین کردەی خوێناوی ڕێکخراوی تیرۆستی داعش کرد. دەبێت هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانەکان بە جینۆساید بناسرێن.`

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یونیتاد و ئەندام لە لیژنەی نیشتیمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ناوبراو گوتی `لە شەری دژی داعش، زیاتر لە ١٨١٠ پێشمەرگە شەهید بوون و پتر لە ١٠٨٢٤ پێشمەرگە بریندار بوون. بە بۆنەی نوێکردنەوەی ئەرکی تیمی یونیتاد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی خۆی بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی تیرۆرستانی داعش و پشتگیریکردنى کارەکانى تیمی یونیتاد، هەروەها دەستەبەرکردنی بەڵگەى تاوانەکانى تایبەت بە تیرۆرستان. لە ڕێککەوتی ٢٨/١٠/٢٠٢٠، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی پێکهێنا بۆ مەبەستی پەرەپێدانی هەوڵەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ناساندنیان وەک تاوانی نێودەوڵەتی.”

Back to top button