سه‌رۆك بارزانی: ڕۆڵ و كاریگەری زانایان و پیاوانی ئایینی زۆر بەرز دەنرخێنم

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌په‌یامێكدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامه‌زراندنی له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و كرد و رایگه‌یاند، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزتركردنی رۆڵی مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دینداری بووه‌.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی پەنجا و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزتركردنی رۆڵی مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دینداری و خواناسی و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی، هەروەها هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە سەرجەم ناوچە و شار و گوندەكانی كوردستان.

هاوتەریبیش مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە قۆناغی خەبات و شۆڕشدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵك و ناساندنی مافەكان و رەتكردنەوەی زوڵم و بندەستی.

هەروەها رۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی زۆر بەرز دەنرخێنم، كە لەو كاتەی تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە حیكمەت و شارەزاییان لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی هۆكارێكی بەهێز بوونەوە بۆ ئەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر نەتوانێت لەناو گەلەكەمان شوێن و پێگە بكاتەوە.

بەبۆنەی ئەو یادە گرنگە هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت

مسعود بارزانی

21ـی 9ـی 2021

Back to top button