سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆک دەکات

سەرۆکی حکومەت :دوای پێداچوونەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆکی کرد.

سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە شوێنی پڕۆژەکە و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک و بەستنەوەی بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق و ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات .

سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای پێداچوونەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست ، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

ئەمەش دەقی وتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
هاتووینەتە ئێرە بۆ سەردانی فڕۆکەخانەی دهۆک لە قەزای سێمێل، کە لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فرۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتوانرا تەواو بکرێت.

سەردانی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە ، پێداچوونەوەیەک بەم پڕۆژەیە و بەو گرێبەستانەی کراون بکەین، تا جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە دروستکردنی ئەم فڕۆکەخانەیە، کە گرنگە بۆ دهۆک و دەورووبەریش.

ئەگەر خودا هاوکار بێت دوای دیراسەکردنێکی جددی کە دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە ئامادە دەکەین ،تا ئەم فرۆکەخانەیە بە زووترین کات دەست بەکاربێت و بنیات بنرێت.

بۆیە حەزمکرد، هەموو هاووڵاتییانی کوردستان و بە تایبەت دانیشتووانی دهۆک ئاگادار بکەمەوە، ئەگەر خودا هاوکار بێت، دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیە دەکەین، کە پێداچوونەوە سەرەتاییەکان، بەرەو کۆتایی چوون و ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاریشی تێدا بکرێت، بەڵام هەرکات ئامادە بوو، دواتر موژدەی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەتان لە ماوەیەکی نزیکدا پێ دەدەین .
هەر سەرکەوتووبن.

Back to top button