نوێنەری بارەگای بارزانی: فەلووجە جێگەی ئومێدە.. پێشبینی دوو كورسی دەكەین

پارتی لە ژمارەیەك دەڤەری عێراق كاندیدی بۆ ھەڵبژاردن دیاری كردوون و نوێنەری بارەگای بارزانیش دەڵێ: “ئەوەی لە فەلووجە بینیمان، جێگەی ئومێدە، كە بەو شێوەیە خەڵكی پێشوازی لە كاندیدی پارتی بكات”. ئاشكراشی كرد: “پێشبینی دەكەین دوو كورسی لە فەلووجە و كەربەلا بەدەست بێنین”.

فارس عیسا، نوێنەری بارەگای بارزانی بۆ ھەڵبژاردن، رايگەیاند: “لەسەر راسپاردەی بارەگای بارزانی، ئێمە وەك شاندێكی پارتی سەردانی شارۆچكەی فەلووجەمان كرد و لەلایەن خەڵكی فەلووجەوە لە شێخ و خەڵكی دیاری ناوچەكە پێشوازییەكی گەرم لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، زۆربەی چین و توێژەكان لە بانگەشەی پارتی ئامادە بوون لە فەلووجە، خەڵكی فەلووجە رێز لە ھەڵوێستی پارتی و سەرۆك بارزانی دەگرن، لە كاتێكدا ھەموو دەرگاكان لەسەریان داخرابوون، پارتی و بارزانی دەرگایان لە خەڵكی ئەو دەڤەرە كردەوە، بە تایبەتی لە سەردەمی ھێرشی تیرۆریستانی داعش”.

نوێنەرەكەی بارەگای بارزانی دەڵێت: “لەسەر بنەمای دەستوور، پارتی بەرنامەی ھەیە بۆ ئایندە و وەك پڕۆژەیەكی نیشتیمانی كاری لەسەر  دەكات، پارتی لە ھەموو ناوچەكانی عێراق كاندیدی ھەیە لە واست و بەغدا و كەربەلا و ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین و لە ھەموو ناوچەكانی عێراق لە ھەڵبژاردندا بەشدارین”.

عیسا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه‌: “ئەگەر ساختەكاری نەكرێت لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە و ئەوەی ئێمە بینویمانە و كاری بۆ دەكەین، كاندیدانی پارتی لە فەلووجە و كەربەلاش سەردەكەون، چونكە ئێمە ئەزموونمان ھەیە لە ھەڵبژاردن و جاری پێشووش كاندیدی پارتی لە بەغدا سەركەوت”.

Back to top button