نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى کرد
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/9/21 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عیراق و شاندێکى سەربازى و دیپلۆماسیى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سەربازییەکان لە عیراق، بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر و جموجووڵ و کردارەکانى داعش لە عیراق و سووریا، دۆخى دەشتى نەینەوا و شەنگال، چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە، سوپاى عیراق و هێزەکانى هاوپەیمانان و بەئامانجگرتنى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر، تاوتوێ کران.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە تێکشکاندنى داعش، بۆ ئارامى و سەقامگیریى عیراق و ناوچەکە گرنگە و سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد، هەروەها موکوڕى و پابەندى بە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگەوە بۆ ڕێکخستنەوەى هێزەکان و گرنگیى پشتگیریى ئەمەریکا و وڵاتانى دیکەى دۆستى لە پرۆسەکە، دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە بەڕێز جەنەراڵ فلپس باسى لە گۆڕانى ئەرکى هێزەکانى ئەمەریکا لە چوارچێوەى دیالۆگى عیراق و ئەمەریکادا کرد و جەختى لە هاریکارى و هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنى یەکجارەکیى داعش کردەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان بە بایەخەوە لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڕوانن و لەمبارەیەوە هاوکار دەبن.
پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و مەترسى و ئاڵنگارى و دەرفەتەکان و دۆخى ئەفغانستان و لێکەوتەکانى، چەند لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکاش ئامادەى بوو.