ساسان عه‌ونی: بۆ یه‌ك ڕۆژیش خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان نه‌وه‌ستاون
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆی ئابووری و نه‌ناردنی شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه، به‌ڵام بۆ یه‌ك ڕۆژیش له هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان نه‌وه‌ستاوه‌ن و حكوومه‌ت توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه كه‌رته‌كانی حوكمڕانێتی به‌ڕێوه ببات.
ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه به به‌رده‌وامی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كات به‌وه‌ی وێڕای گه‌مارۆی دارایی و په‌تای كۆرۆنا و ناخۆشییه‌كان، كه‌چی حكوومه‌ت توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه حوكمڕانێتی بكات، له‌مباره‌یه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆی داراییی به‌غدا له‌سه‌ر كوردستان و نه‌دانی شایسته‌كانی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه كه‌رته‌كانی حوكمڕانێتی له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخێكی ناخۆش به‌ڕێوه ببات و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به هاووڵاتییان بكات.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ساسان عه‌ونی جه‌ختیش ده‌كاته‌وه ته‌نانه‌ت له هه‌ره بارودۆخه ناخۆشه‌كاندا بۆ ته‌نیا یه‌ك ڕۆژیش خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان نه‌وه‌ستاون، ئه‌و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: له هه‌ر بارودۆخێكی ناخۆشدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌ك رۆژیش ئاستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌رامۆش نه‌كردووه و سه‌ره‌ڕای قه‌یران و په‌تای كۆرۆنا و نه‌خۆشی و ناخۆشی، خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان به‌رده‌وامبوونه و بۆ یه‌ك ڕۆژیش هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك له‌م وڵاته نه‌وه‌ستاوه.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه به پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تكردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ: بێجگه له به‌رده‌وامبوونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كه‌وتێكی هه‌بووبێت، توانیومانه پرۆژه‌ی پێ بكه‌ین و له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تكردنی شار و شارۆچكه‌كانماندا به‌رده‌وام بین.