باڵیۆزى نه‌مسا خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕێ

به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵیۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شیان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنانى نه‌مساییدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق.  باڵیۆزى نه‌مسا هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ تێكشكاندنى داعشدا كرد.

هه‌ردوولا تیشكیان خستە‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانیى نه‌مسایى كه‌ به‌ یاوه‌ریى  باڵیۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانیاكانى هه‌رێمى كوردستان دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌رفه‌تى كار و هاریكاریى هاوبه‌ش و سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانینان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و هیوایان خواست ببیته‌ هه‌نگاوى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانیا نه‌مساییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ستایشى دۆستایه‌تى و پشتگیریى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ یارمه‌تییه‌كانى نه‌مسا كرد به‌تایبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى یه‌كه‌مجار ده‌رگاى به‌ ڕووى په‌نابه‌رانى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانیى هێڵى ئاسمانیى نه‌مسایى له‌نێوان هه‌ولێر و ڤییه‌ننادا به‌ پردێكى گرنگیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چالاكییه‌كانى نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤییه‌نا، په‌تاى كۆڤیدـ19 له‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌مسا و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، شه‌ڕى دژى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

Back to top button