سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نەمسا لە ئۆردون و عێراق دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 22ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆسكار ڤوستنگەر باڵیۆزی نەمسا لە ئۆردون و عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و نەمسا جەخت لە برەودانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا و فراوانكردنی پەیوەندییەكان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان كرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی نەمسا ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و، خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی بۆ گەیشتن بە ئازادی بەرز نرخاند.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی مانگی ئۆكتۆبەری داهاتووی عێراق و هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە هۆكارێك بۆ باشتربوونی دۆخی گشتیی عێراق و بەدیهاتنی خواستی هاووڵاتیان بۆ گۆڕانكاری.
بارودۆخی شنگال و ئاستەنگەكانی بەردەم ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.