زێباری: 800 گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە،22-9-2021، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، شەڕ و پێکدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا لە سنوورەكانی باشووری كوردستان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هاووڵاتی و زیان گەیاندن بە گیان و موڵک و ماڵیان.
ئاشکراشی کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئاب، 165 هێرشی ئاسمانی، و 274 گولـلەتۆپ، و شەش هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون كە بەھۆیەوە زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.
دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەشدا، هیچ لایەنێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەستپێشخەر نەبوونە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێک، بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە موڵک و ماڵیان وێران بووە و ژیانیان لە مەترسی دابووە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوا دەكات، کۆتایی بە گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە سنورییەکان بهێندرێت.