سلێمانی لەسایەی یەكێتیدا بووەتە دەرچەیەك بۆ ڕزگاركردنی ئەنفالچییەكان
لەوەتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی بەسەر سلێمانیدا گرتووە، ئەو شارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر باجی خیانەتەكانی ئەو حزبە دەدات و ئازادكردنی ئەو تاوانبارانەی ئەنفال بە چاوی خۆی دەبینێت كە دۆستی یەكێتیین.
هاوكات شوان كهلاری، كاندیدی ژمارە (٢٤)ی پارتی دیموكراتی كوردستان له بازنەی پێنجی گهرمیان كه لە خانەوادەكەیاندا 43 ئهنفالكراو هەن،رايگەیاند، بهشێكی زۆری جاش و مستهشارهكان له سنووری سلێمانی و گهرمیان “به ئازادانه دهسووڕێنهوه” و زۆربهی ئەو ئهنفالچییانەی كه فهرمانی گرتنیان ههیه، لهم سنووره به ئازادانه دانیشتوون.
لاپەڕەی یەكەمی ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە)ی كۆمپانیای وشە، لە ژمارەیەكی ساڵی ٢٠٠٩ی خۆیدا، لاپەڕەی یەكەمی تەرخان كردبوو بۆ سێ وێنە و یەك بەڵگەنامە، تێیدا ئاشكرای كردبوو كە تاریق ڕەمەزان، ئەو فڕۆكەوانەی بەشداریی لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا كردبوو و لە زیندانەكانی یەكێتیدا بوو، بە فەرمانی سكرتێری گشتیی یەكێتی، لە زیندان ئازاد كراوە و بەرپرسانی باڵای ئاسایشی یەكێتییش تەنانەت لە كاتی ئازادكردنیدا وێنەی یادگارییان لەگەڵدا گرتووە.
یەكێتی گەورە تاوانبارانی ئەنفال لە دەست دادگا ڕزگار دەكا
شوان كهلاری، كاندیدی ژمارە (٢٤)ی پارتی دیموكراتی كوردستان له بازنەی پێنجی گهرمیان كه لە خانەوادەكەیاندا 43 ئهنفالكراو هەن،رايگەیاند، بهشێكی زۆری جاش و مستهشارهكان له سنووری سلێمانی و گهرمیان “به ئازادانه دهسووڕێنهوه” و زۆربهی ئەو ئهنفالچییانەی كه فهرمانی گرتنیان ههیه، لهم سنووره به ئازادانه دانیشتوون.
كەلاری جەختیشی لەوە كردەوە كە: ”فڕۆكەوانی تاوانبار بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە لایەن یەكێتییەوە ئازاد كراوه، وهك كۆمهڵهی داكۆكی له مافی ئهنفالكراوان دەپرسین، كوا فڕۆكەوانەكە؟“.
ئەو كاندیدەی پارتی ئاشكرای كرد كە سێ موستەشاری سەردەمی بەعس گیران، كەچی لە لایەن یەكێتییەوە ”بەبێ فەرمانی دادگا، ئازاد كران“، لە كاتێكدا ئەوانە ”سێ گهوره ئهنفالچی بوون و ئێستا به ئازادانه دەسووڕێنەوە“.
گوتیشی: ”سلێمانی و تەواوی دەڤەرەكە بە چاوی خۆمان ئەنفالچییەكان دەبینین، لە پرسە و كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەنفالچییەكان دەبینین و بە ئازادانە دەسووڕێنەوە“.
یەكێتییەكانیش لە پەیوەندیی حزبەكەیان و ئەنفالچییەكان نیگەرانن
بەپێی زانیارییەكان بەشێكی یەكێتییەكان شەرم لەو پەیوەندییە بەهێزەی سەرانی حزبەكەیان دەكەن كە لەگەڵ ئەنفالچییەكان هەیانە و لێی نیگەرانن.
لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژی ٧ی ٥ی ٢٠٢١، مامە غەفە، پێشمەرگەی دێرین و یەكێك لە فەرماندە سەربازییە دیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر، رای گەیاند: “لە سنووری هەولێر، یەكێتی جاشێكی كاندید كردووە كە پەنجا ساڵە تفەنگیان بە پێشمەرگەوە ناوە“.
هەروەها تەیمووری ئەنفال كە یەكێكە لە قوربانییانی ئەنفال و لە ماوەی رابردوودا لە مام جەلالی سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە نزیك بووە، ماوەیەك لەمەوبەر بە توندی ڕەخنەی لە بەشداریكردنی هاوسەرۆكێكی یەكێتی لە پرسەی یەكێك لەو ئەنفالچییانە كە لە شاری سلێمانی پرسەی بۆ دانرابوو، دەربڕی و بە خیانەتێكی گەورە لە ئەنفالكراوان و خوێنی شەهیدانی لە قەڵەم دا.
یەكێتی ئەنفالچییەكانی ناردە دەرەوەی وڵات
جیهاد حهسهن، ئهندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕايگەیاند: ”بهشێكی زۆری جاش و موستهشارهكانی ئهنفال ئێستا به ئازادانه له سلێمانی دهسووڕێنهوه، لە ماوەی رابردوو سێ گهوره بهرپرسی ئهنفال كە فهرمانی گرتنیان ههبوو، دهستگیر كراون، دواتر بهبێ فەرمانی دادگا ئازاد كراون و كاری خۆیان دەكەن“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسیشی لەوە كرد كە كەیسی ئازادكردنی تاریق رەمەزانی فڕۆكەوان پێویستە دووبارە كاری لەسەر بكرێتەوە: ”ئهو كهسه نهێنیی زۆری لابوو بەڵام یەكێتی ئازادی كرد“.
جیهاد حەسەن ئاشكراشی كرد كە بەشێكی زۆری ئەوانەی دەستیان لە تاوانی ئەنفالدا هەبوو، لە لایەن یەكێتییەوە ئازاد كران و لە سلێمانییەوە چوونە ئەورووپا و تەنانەت: ”ئێستاش لە یەكێتییەوە نزیكن“. گوتیشی: ”لە ساڵانی نێوان ١٩٩٧ تا ٢٠٠٨، بە هەر هۆكارێك بێت، یەكێتی بەشێكی زۆری موستەشار و گەورە ئەنفالچییەكانی ناردووەتە دەرەوەی وڵات، تەنانەت تا ئێستاش هاتوچۆی سلێمانی دەكەن“.
ڕۆژی یەكشەممە ١٥ی ٤ی ٢٠١٨، پێشڕەو رەشید، سەرپەرشتیاری كۆمەڵەی داكۆكیكار لە ماف و قوربانیانیی ئەنفال لە گەرمیان ئاشكرای كردبوو، دوای بیست ساڵ لە تاوانی ئەنفال، لە بری جێبەجێكردنی داخوازیی كەسوكاری ئەنفالكراوانو زیاتر كارئاسانی بۆ ئازادكردنی تاوانباران و جاش و موستەشارەكان دەكرێ.
زیاتر گوتی، زۆر نیگەرانین لەوەی موستەشارێكی تۆمەتبار بە تاوانی ئەنفال كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری گرتنی دابوو بەناوی (سەید مەجنوون) كە پێشتر لە سنووری گەرمیان و چەمچەماڵ گیرابوو، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئەو حزبە و دادگای سلێمانییەوە ئەو تۆمەتبارە ئازاد كراوە.
دووپاتیشی كردەوە كە هیچ یاسا و لێبووردنێك رێ بە ئازادكردنی جاش و موستەشارەكان نادات، بەڵام یەكێتی بە پشتبەستن بە هەندێك كاری تر ئەو موستەشارەی ئازاد كردووە.
سەرپەرشتیاری ئەو رێكخراوەی ئەنفال ئاماژەی بەوەیش كرد كە كەسوكاری ئەنفالكراون داوای وردەكاریی ئازادكردنی ئەو موستەشارە دەكەن، بەڵام لە بەرنامەی كار و یاداشتی رێكخراوەكانی ئەنفال لەمساڵدا ئەو پرسە نەخراوەتەوە ڕوو.
هەر ئەوكات ماڵپەڕی (وشە) لە زاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە بڵاوی كردۆتەوە، لە سەرەتای ٢٠١٨ (سەید مەجنوون) ئازاد كراوە و ئەوەیش كراوەتە بیانوو كە ناوی سەید مەجنوون لەگەڵ ناوی تاوانباری تری دادگای باڵای تاوانەكان هاوشێوە بووە، بۆیە گیراوە.
لەسەر پرسی گرتنی تاهیر عوسمان و سەید مەجنوون و دواتر ئازادكردنی یەكێكیان هیچ دەزگەیەكی ئەمنی ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
(سەید مەجنوون) ناسناوی بەعس بووە بە موستەشارێكی بەشداری ئەنفال كە بە نەتەوە كوردە و خەڵكی سنووری چەمچەماڵە، دادگای باڵای تاوانەكانیش بە هەمان ناوەوە داوای دادگاییكردنی كردووە و پاش گرتنی دوو ساڵ پێش ئێستە لەگەڵ موستەشارێكی تر بە ناوی تاهیر وەسمان گیراوە كە هێشتا ئەویان ئازاد نەكراوە.
یەكێتی لە ئازادكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و تۆمەتبارانی كیمیابارانی هەڵەبجە یەكەم جاری نییە و پێشتریش بە بڕیاری سكرتێری كۆچكردووی ئەو حزبە لە ساڵی 2007 فڕۆكەوانەكەی كیمیابارانی هەڵەبجەی ئازاد كرد.
س: باسنيوز