سەرۆكی هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسی ئۆفێسی یەكێتیی ئەورووپا كۆبووەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/9/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفێسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆك نێچیرڤان پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە خاتوو پارێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها جەختى لە خواستى پتەوكردنی بوارەکانى هاریکارى و پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا کردەوە و دوایین سەردانى بەڕێز جۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە خاتوو پارێ پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی ئەورووپاى لە عیراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كاتی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لە بەڕێز جۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپا كرا و گوتى بەڕێز بۆرێل بە پەرۆشەوە چاوەڕێیە لە برووکسل دیدار و کۆبووەنەوە لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانى ئەنجام بدات.

تاوتوێكردنی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى عیراق، ڕۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە دابینكردنی تیمی چاودێری بۆ هەڵبژاردن، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گرنگیى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەمابەرەیەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

Back to top button