بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ: زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناحیەکە 7 ملیار دینارە

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایدەگەیێنێت، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیانی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە سنووری ئەوان، کە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە کردوونی، بە حەوت ملیار دینار خەمڵێندراوە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایگەیاند، “ماوەیەکە گوندی هروورێ لەلایەن تۆپخانە و فڕۆکەکانی سوپای تورکیاوە [بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە] بۆردوومان دەکرێت. ئەمڕۆ کاژێر 10:00ی بەیانی هاونیشتمانییەک بەناوی سابت حسێن بریندار بووە کە لەبەر ئەوەی هەینی بووە، چووە ئاوی رەز و بێستانەکانی بدات. هاوەنێک بە دووریی دوو مەتر لێیەوە کەوتووەتە خوارەوە و برینداری کردووە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ لەبارەی رەوشی بریندارەکەوە ئاماژەی بەوە دا، پێشتر رەوانەی بنکەی تەندروستیی بێگوڤا کراوە، بەڵام ئێستا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ نێردراوە و لە رێگەدایە، تاوەکو ئێستاش راپۆرتی پزیشکییان پێ نەگەیشتووە.
نزیکەی دوو مانگە گوندی هروورێ تۆپباران دەکرێت و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر کەتووەتە ناو خەڵکی گوندەکەوە.
سەربەست سەبری بۆ رووداو باسی لەوە کردووە، “لە 23ی نیسانی 2021ـەوە بەپێی ئەو ئامارەی بە دەستمان گەیشتووە، 22 هەزار و 600 دۆنم زەویی بەراو و دێمی سووتێندراون و زیانیان پێ گەیێندراوە. زیانەکانیش بەپێی ئەو لیژنەیەی پێکمانهێناوە بە حەوت ملیار دینار خەمڵێندراوە. هەر ئەمساڵ بەم بریندارەی ئەمڕۆوە نۆ هاونیشتمانی برینداربوون و یەکێکیش شەهید بووە. تاوەکو ئێستا پێنج گوند چۆڵ کراون”.
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی خستەڕوو، ژینگەی دەڤەرەکەیان تێکچووە و، تاوەکو ئێستا رێکخراوە ژینگەپارێزەکان بە هانایانەوە نەچوون تاوەکو بزانن ئەو دارانە چییان لێهاتووە.
Back to top button