وەزیری بازرگانیی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
بڕیارە وەزیری بازرگانیی تورکیا سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵێک بازرگانی گەورەی ئەو وڵاتەش بێنە هەولێر و، کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووریی لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
فەتحی محەممەد عەلی، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە : “بڕیارە رۆژی یەکشەممە 26-9-2021 شاندێکی باڵا لە تورکیاوە بە سەرۆکایەتیی میهمەت مووش، وەزیری بازرگانی بێنە هەولێر و لە کۆبوونەوەکانیشیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان باس لە بابەتی وەبەرهێنانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا بکرێت”.
فەتحی محەممەد عەلی کە بۆ رووداو قسەی کردووە گوتووشیەتی: “کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا یەکێک دەبێت لەو تەوەرانەی قسەی لەسەر دەکرێت” و ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکرێت “کۆمەڵێک بازرگانی گەورەی ئەو وڵاتەش بێنە هەولێر و، کۆڕبەندێک لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت بۆ باسکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی بازرگانی”.
هاوکات یاسین محەممەد، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی بە رووداوی راگەیاندووە “پەیوەندیی بازرگانی نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان هەمیشە لە فراوان بووندایە و زۆرترین پرۆژەی بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان بازرگانانی تورکیا جێبەجێی دەکەن”.
یاسین محەممەد گوتیشی”لە ماوەی رابردوودا لە کۆی 60 ملیار دۆلاری ئەو پرۆژانەی ئەنجامدراون زیاتر لە 30 ملیار دۆلار کەرەستە و پێداویستییەکان لە وڵاتی تورکیاوە هاتوون، هەروەها دەستی کاری کرێکاری تورکی رەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی هەبووە لە پرۆژەو وەبەرهێنانەکاندا”.
مەلا یاسین دەڵێت “لە ساڵی 2013 ئاڵوگۆڕێ بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پێوانەیی بووە کە بایی 13 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە، لەبەر ئەوەی تورکیا هەناردەکاری یەکەمی پێداویستی و کەلوپەل بووە بۆ هەرێمی کوردستان”.