سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی مەتڕانەکانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا دەکات

ئەمڕۆ شەممە 25ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی مەتڕانەکانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بارۆدخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێ کرا.

شاندی مەتڕانەکانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا ، ستایشی ئەزموونی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، تاکە شوێنە لە عێراق و ناوچەکەدا، کە کریستیانەکان بە ئاشتی و ئارامی دەژین و مافەکانیان پارێزراوە، ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتیشیان لە پشتگیریکردنی مافی پێکهاتەکان و ئەنجامدانی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بەرز نرخاند.

سەرۆکی حکومەت، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە برەودانی زیاتر بە کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دووپات کردەوە .

Back to top button