بەهمەن كاك عەبدوڵا بۆ قوباد تاڵەبانی: ئێوە باوەڕتان بە دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان نییە، دەیانكوژن

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە قسەكانی راستە، ئەوان باوەڕیان بە دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووس نییە، بەڵكوو لەسەر شەقام دەیانكوژن.

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان كە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەو چەند سەد كەسەی بە پاس هەر ڕۆژەی لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەیەكی دەبەن تاوەكوو بڵێن جەماوەریان هەیە، ماوەیەكە حەماس گرتوویەتی، بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە نایەڵێت ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

لە بەرامبەردا بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، قسەكانی قوباد تاڵەبانی ڕاستە و ئەوان ناهێڵن ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، چونكە ”لە بنەڕەتدا ئەوان باوەڕیان بە دادگا و سەروەریی دادگا نییە و دەزانن دادگا رێوشوێنی خۆی هەیە“ و بە ئاسانی تۆمەتێك بەسەر كەسێكدا ناسەپێنێت تاوەكوو ڕێكارەكان و بەڵگەی پێویست نەبێت.

گوتیشی: ئەوان كەی بە یاسا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جووڵاونەتەوە، بەڵكوو بە تفەنگ و كوشتن مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، باشتر بوو قوباد تاڵەبانی گوتبای لە جێی ئه‌وه‌ی ڕۆژنامەنووسەكانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا بكه‌ینه‌وه‌، سه‌روگوێلاكیان ده‌شكێنین یان ده‌یانكوژین، ئیتر پێویست به ‌دادگایی ناكات.

ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی نەك هەر لە لایەن پارتییەوە ڕەتكرایەوە، بگرە لە نێو خودی گۆڕانیش كە هاوپەیمانی یەكێتییە، گومان خرایە سەر قسەكانی.

Back to top button