وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە لەناو خاكی كوردستان ئیجازە لە کەس وەرناگرێت

خواكوڕك 

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: “هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئازادە لەوەی کەی و لە کوێ بیهەوێ لەناو سنووری خاکی کوردستان جموجۆڵ و جێگۆڕکێی هێزەکانی بکات و بۆ ئەوەش ئیجازە لە کەس وەرناگرێت”.

دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

ئێوارەی ڕۆژی ٢ـی٣ـی٢٠١٧، لەکتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ناحیەی سنونێ، خەریکی پرۆسەیەکی ئاسایی جێگۆڕکێی یەکەکان بوون، لەلایەن گروپێکی سەر بە پەکەکەوە ڕێگریان لێ کراوە و دواتریش تەقەیان لەهێزی پێشمەرگە کردووە.

ئێمە لێرەدا ڕای دەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئازادە لەوەی کەی و لە کوێ بیهەوێ لەناو سنووری خاکی کوردستان جموجۆڵ و جێگۆڕکێی هێزەکانی بکات و بۆ ئەوەش ئیجازە لە کەس وەرناگرێت.

تەئکید دەکەینەوە کە پێشمەرگەی کوردستان ئەرکی خۆی لە پاراستنی کوردستان جێبەجێ دەکات و هیچ مەرامێکی بۆ شەڕ نییە و نامانەوێ هیچ شەڕ و پێکدادانێک لەو ناوچەیە ڕووبدات.

هەڵگورد حیکمەت
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە
٣ـی٣ـی٢٠١٧

Back to top button