باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ سه‌رۆك بارزانی: دۆستایەتی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بابەتێکی نەگۆڕ و ھەمیشەییە

رۆژی یەکشەممە ٢٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆنتی کونسوڵی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادەی بوو، سەرۆک بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی فەڕەنسا لە عێراق خواست و وێرای ئاماژەدانی سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا ئەوەی دووپاتکردەوە کە دۆستایەتی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بابەتێکی نەگۆڕ و ھەمیشەییە.

لە درێژەی دیدارەکەدا رۆشنایی خرایە سەر ھەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەردولا ھیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە ھۆی بەدیھاتنی سەقامگیری و گۆڕانکاری ئیجابی کە لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی عێراق بێت.

بارودۆخی شنگال تەوەرێکی تری ئەو دیدارەبوو  و، جەخت لەسەر پێویستی ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆ ناوچەکەیان کرایەوە.

1

 

Back to top button