سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا کۆبووەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 26 ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد مووش وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانیی تورکیا کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەرانی تورکیا پێکهاتبوو کۆبووەوە.
لە کۆبووەنەوەدا،سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد کە دراوسێیەکی گرنگیی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەوروپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە،گوڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات. سەرۆکی حکومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.
سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕوونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پرۆسەی سەرمایەگوزاریی و بازرگانی .
وەزیری بازرگانیی تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی ، بەتایبەتی لە بواری جموجۆڵی بازرگانیی و وەبەرهێناندا. هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا بەرفراوانتر ببێت .