مەسرور بارزانی: جووتیارانی کوردستان چیتر نابێ خەمی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بێت

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، جووتیارانی هەرێمی کوردستان چیتر نابێ خەمی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27-9-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا، ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی لە هەولێر کردەوە و وتارێکی پێشکەش کرد.

ده‌قی وتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا، کوردستانیانی خۆشەویست، کەمتر لە ساڵێک بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی جووتیارانمان لێرە دانا، بە سوپاسەوە کۆمپانیای خۆشناو دەستیکرد بەو پڕۆژە گەورە ستراتیجییە، لە خوا بەزیادبێت کەمتر لە ساڵێک ئێستا لێرەین بۆ کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، دەستخۆشیان لێدەکەین، لەکاتێکی زۆر کەم و خێرادا، بەتایبەتی لەو بارودۆخە ناهەموارەی کە رووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابووری و تەندروستی بووینەوە، توانیان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکەن، جێی دەستخۆشییە و مرۆڤ دڵخۆش دەبێت، کە دەبینین بەڵێنەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەنجامی پڕۆژەکان دەردەکەون و هەموویان لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەونەکار.

ئەم پڕۆژە ستراتیجییە یارمەتیدەرێکی یەکجار گەورەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا، توانای وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانیان هەیە، پێشتریش باسمان کردووە، جووتیاران چیتر نابێ خەمی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان هەبێت، ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانە و لە پارێزگاکانی دیکەش پڕۆژەی هاوشێوە لە بواری جێبەجێکردن دان، دەستیان پێکردووە و هیوادارین ئەوانیش زوو تەواو ببن و بکەونە خزمەتی جووتیارەکانمان، لە خوای گەورەش دەپاڕێینەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارەکانمان زیاد بکات و خێر و بەرەکەتیان پێ ببەخشێت.

ئەم جۆرە پڕۆژانە، کە لە سایلۆ و کۆگا و چەندین کارگە پێکهاتوون، دەتوانن بەرووبوومی جووتیاران و بەرهەمەکانی گەنم و دانەوێڵەکان دروست بکەن و بیکەنەوە بە خۆراک و بیگێڕنەوە بۆ بازاڕ بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەتوانێت هەلی کار بۆ چەندین بواری دیكه‌ی بازرگانی و پیشەسازیشدا فەراهەم بکات.

Back to top button