ميرانى: دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌لێ: بانگەشەی ئێمە لە ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە، ببینەوە بە حزبی یەكەم، ده‌شلێت: دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، 27-9-2021 لە چوارچێوەی كەرنەڤاڵی هەڵبژاردندا،فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی له‌شارى هه‌ولێر له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر و لايه‌نگرانى پارتى گوتى: “بانگەشەی ئێمە لە ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە، ببینەوە بە حزبی یەكەم، بەڵام حزبی یەكەم بە مانای ئەوە نایەت ئێمە یەكەم و حزبێكی دیكە دووەم، بەڵكو یەكەم بۆ ئەوەیە بۆ پارێزگاریكردن لە كوردستان بمێنین، ئێمە ھێزێك نین بە خەڵكی دیكە بڵێین بڕۆن و ئێمە دێین، بەپێچەوانەوە، دەڵێین ئێمە چووین و ئێوەش وەرن، چونكە وەك پارتی ھەر وا بووین”.

ميرانى گوتيشى: “قسەنەكردنی پارتی لە ھەندێ بابەتدا، بە مانای ئەوە دێت، بێدەنگیی لای ئێمە زێڕە، زۆر قسەكردنی خەڵكێكیش زیوە، بێگومان زێڕ و زیو جیاوازییان زۆرە، پارتی قوتابخانەیەكە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و لە ھیچ ھێزێكی دیكەش ناچێت، چونكە خاوەن ئەزموونین و ھەوراز و نشێوی زۆری بینیوە، پارتی ھێزێكە تەنیا بە شوێن سەروەرییەكانی ناكەوێت، بەڵكو بە شوێن ھەلەكانیشدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەگەر پێمان بكرێت، ئەوەی رابردوو چارەسەر بكەینەوە، ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر كاتی بەسەردا چوو، ئەوە مرۆڤ نەھێڵێ دووبارە ببێتەوە، حزبێكی وەھا یان سەركردەیەكێ وەھا بە دڵنیاییەوە لە سەركەوتن نزیكە، ئێمە ھەموومان پەروەردەی دەستی مامۆستایانین و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە، بەرھەمی ئێوەیە، یەكێك لە دەستكەوتەكان فیدڕاڵییەتە، بێگومان ئەو فیدڕاڵییەتە بەرھەمەكەی ھی ساڵی ١٩٩٢ نییە، بەپێچەوانەوە بەرھەمەكەی بۆ ساڵی ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە و دەستپێكی بۆ نووسراوە و نەخشەی بۆ دیاری كرابوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كرد، واتە ھەوێنی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە”.

سكرتێرى مه‌كته‌بى سياسى پارتى باشى له‌وه‌شكرد كه‌: “دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بەو ئەزموونەی كوردستان، خەڵكی كوردستان پێویستی بە حزبێكی ئەزمووندار ھەیە، بە حزبێكی یەكگرتوو ھەیە، ئێمه‌ش حزبێكی یەكگرتووین و وابەستەین بە مەرجەعی خۆمان.

Back to top button