مەلا بەختیار: یەکێتی لەناو خۆیاندا دژی یەکن چارەنووسێكی خراپتر چاوەڕوانی یەكێتی دەكات

مەلا بەختیار لەبارەی دۆخی نێوخۆی یەکێتی رایدەگەیێنێت، “ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن و من دڵنیام یەکێتی چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی”.

لە پەیامێكدا كە بە ناونیشانی (یەکێتی کاتی کەمە، دەبێ ڕەخنە لە خۆی بگرێ) مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، لە ٨ی تەمموزەوە، ئەوەی لە ژێر بەڕەی ھەموو ژوورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتییەکان خستییانە سەر بەڕە، ”لە دزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێریکردنی نایاسایی کادیر و ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لە سەرکردە و بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لە لوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک“.

مه‌لا به‌ختيار ده‌شلێت، ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکوو ”نائومێدییەکی ڕەھا و بێ متمانەییەکی ڕەھا و پێشێلکردنی ڕەھای پرەنسیپەکانی حزبایەتی و شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆریی ڕەھا، لە نێو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبوونەوەدا سەری ھەڵدا. نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لە ناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکوو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێز و خۆشەویستیی یەکێتی لە نێو خەڵکدا لاوازتر کرا، بە تایبەتیش لە نیو بازاڕ و مووچەخۆر و پەیوەندییە نیشتمانی و نێونەتەوەییەکاندا“.

ئه‌و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەپرسێ، ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەموو تاوان و تاڵانییەی خودی یەکێتی بە ڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایا سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەزانن لە ناو ھەستی یەکێتییەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەروونی قووڵیان خوڵقاندوە؟

مه‌لا به‌ختيار ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ”برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لە کاتی جیابوونەوەی گۆڕان لە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی ١٨ کورسی و گۆڕان ٢٥ کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانییە دیموکراتییە کاتییەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین. ئێستا یەکێتی لە نێو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لە ناو خۆیان بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتیی یەکتر کە لە مێژەوی یەکێتیدا وێنەی نەبووە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە“.

مەلا بەختیار له‌ نووسينه‌كه‌ى هۆشداری دەدات و نووسيوويه‌تى: ”لە بەرامبەر دۆخێکی ئاوای ترسناکی یەکێتیدا. تەنھا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی یەکێتی نادات، چونکە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان نییە ھەتاکوو خەڵک باوەڕ بە دروشمەکان بکات. لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەڵێنی زۆر درا و کەمی جێبەجێ کرا. دەرکەوت ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی پێشوو تەنھا بۆ پاراستنی دەسەڵات بووە“.

له‌ نووسينه‌كه‌ى پێشنیازی كردووە، ئەم چەند ڕۆژەی لەبەردەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا ماوە، تەرخان بکرێ بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن لە کەموکوڕییەکان، ڕەخنەگرتن لە گەندەڵییەکان. ڕەخنە گرتن لە پێشێلکردنی پرەنسیپە حزبییەکان. ڕەخنەگرتن لە نەبونی سەروەریی یاسا. ڕەخنەگرتن لە پەرشوبڵاویی یەکێتی و نەبوونی ھێزی یەکگرتوی کوردستان. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پیلانگێڕی ناوخۆیی یەکێتی. ڕەخنەگرتن لە بەرز کردنەوەی ھەزاران پلەی ئەندامی لاوەکی. ڕەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی سۆشیال دیموکرات بەرامبەر بە ڕەنجدەرانی بیروبازوو، ھەروەھا ڕەخنە گرتن لە دژایەتیی بیری کۆنەپەرستیی باوکسالاری بەرامبەر بە ژنان. ڕەخنە گرتن لەوەی لە بری چەسپاندنی کەلتووری مەدەنی، کەلتووری دواکەوتنی کۆمەڵایەتی بووژایەوە، هەروەك مەلا بەختیار نووسیویەتی.

مه‌لا به‌ختيار لە كۆتایى نووسينه‌كه‌یشيدا نەیشاردۆتەوە كە ئەگەر یەكێتی رەخنە لە خۆی نەگرێت و خەڵك دڵنیا نەكاتەوە، ”من دڵنیام یەکێتی چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی“. دەشڵێت: ”تکام وایە ھەموومان تێ بگەین، مادام یەکێتی خۆی دانی پێداناوە لە ساڵانی ڕابردوودا ھەڵەی پڕ لە ھەڵدێری کردووە، کەوابێ دەبێ ئەو ھەڵانە بە ڕەخنە لەخۆگرتن و ڕیشەکێشکردن چارەسەر بکرێ، نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە“.

Back to top button