وێنهكهى ببينه… بەربژێرێکی سەربەخۆ لە دهۆک کشایەوە و پشتیوانی پارتی دەکات
بەربژێرێکی سەربەخۆ لە پارێزگای دهۆک، لە رکابەری بۆ بوونە پەرلەمانتاری عێراق کشایەوە و دەڵێت، پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
جومعە محەممەد رێکانی، بەربژێری سەربەخۆ لە بازنەی یەک لە سنووری پارێزگای دهۆک راگەیاندووه، خۆی کشاندووەتەوە و هیچ بانگەیەشەیەک ناکات.
جومعە محەممەد کە هاوکات پارێزەرە، گوتووشيهتى، “پێش ئەوەی خۆم بەربژێر بکەم ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم”. لە وەڵامی ئەوەی بۆچی وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە، گوتی: “هەر بەئیرادەی خۆم بوو. ئێستاش هاوڕێمان هەیە خۆی هەڵبژاردووە، من خۆم کشاندەوە”.
لەبارەی ئەوەی ئێستا پشتیوانیی کێ دەکات، جومعە محەممەد كه بۆ رووداو قسهى كردووه گوتوويهتی، “پشتیوانیی حیزبی خۆم دەکەم. پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کورستان دەکەم، چونکە حیزبی خۆمانە و حیزبی دایکە”.
لە سنووری پارێزگای دهۆک 11 کورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان هەن و دابەشکراون بەسەر سێ بازنەدا. 24 بەربژێری حیزب، هاوپەیمانی و سەربەخۆکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی دەکەن. بۆ کورسی کۆتاکانیش شەش بەربژێر هەن.
بڕیارە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت. لە پارێزگای دهۆک 822 هەزار و 703 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.