گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی وه‌ڵامی رێواز فایه‌قی دایه‌وه‌

گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پارتی تاكه‌ حزبی یه‌كه‌م و حساب بۆ كراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی هه‌رێم.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: سەرۆکی پەرلەمان وەڵامێکی لاوازی وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە کە تەنها لەخۆی دەوەشێتەوە بەوجۆرە دەربکەوێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دەڵێت، پارتی زۆرینەیەکی موزەیەفی هەیە، ئەی ئەگەر موزەیەفە بۆ سەرۆکایەتی ئەم زۆرینە موزەیەفە دەکەیت، کەواتە سەرۆک پەرلەمانێکی موزەیەفی، “قسەی ئەوەم نییە هەندێک ئیمتیازو بودجەی بەردەستت لەهەموو شتێک لات گرنگتربێت”.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: “باشە بۆچی قبوڵتکرد ئەم زۆرینە موزەفەیە هەڵتبژێرن و بتکەنە سەرۆکی پەرلەمان، نەک دەنگی ئەم زۆرینەیەی ئێستا قسەیان پێدەڵێیت، تۆ لە هاوڕێکانت دڵنیا نەبوویت و رووت لە ئێمە نابوو خەریک بوویت بە یاپراخ و سەروپێ و شفتە دڵی ئەوانت نەرمدەکرد و بە قوربان و بە ساقەش دڵی ئێمە”.

ئه‌وه‌شی گوتووه‌: “چۆن دەڵێی کاک نێچیرڤان دەناسم و دەزانم باوەڕی بەو قسانە نییە کە کردوونی، لەکوێ دەیناسیت؟ سەرۆکی پەرلەمان نەبوویتایەو دەنگی زۆرینەی پارتی نەبووایە بۆ بوونت بە سەرۆکی پەرلەمان دەبوو بەس لەتیڤی جەنابی بیبینی!”.

Back to top button