سه‌رۆكى حكومه‌ت 20مليار دينارى ترى بۆ ئاكرێ ته‌رخان كرد و پارێزگارى دهۆكيش بەردی بناغەی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاریی له‌ ئاكرێ دانا

پارێزگاری دهۆك لە قەزای ئاكرێ بەردی بناغەی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دانا و ئاشكرای كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی 20 ملیار دیناری تر بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی تر لە دەڤەری ئاكرێ دەربڕیوە .”

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك، لە دوای دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەك پڕۆژە لە قەزای ئاكرێ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: “ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندان و كاریان تێدا دەكرێت، تێچووەكەیان زیاتر لە 120 ملیار دینارە و، ئەو پڕۆژانەی كە لەساڵی 2020 – 2021 یش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بریاریان لێ دراوە و كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، گوژمەكەیان نزیكەی 30 ملیار دینارە،‌ خۆشبەختانە لەم رۆژانەشدا جەنابی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی 20 ملیار و 608 ملیۆن دیناری دیكەی بۆ ئاكرێ دەربڕی”.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، پارێزگاری دهۆك گوتیشی: “15 ملیار و 140 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوی ستراتیژی ئاكرێ دەبێت، كە پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و ستراتیژییە، بەڵام بە هۆكاری چەند كێشەیەكی تەكنیكی و بۆڕیی ئاو و كۆرۆنا، كە كۆمپانیایەكی بیانی بەرێوەی دەبات، ڕاوەستابوو، سەرەڕای ئەو بەڵێنەی كە بە ئێمەیان دابوو ئەمساڵ مانگی 8 تەواو بكرێت و پڕۆژەكەش ڕادەست بكەن، بەڵام دیسان دواخرا و سەرۆكی حكوومەت ئەو پارەیەی تەرخان كرد.”

د. عەلی تەتەر باسی لەوەش كرد، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی و بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كاك مەسروور بارزانی، بڕیار درا بۆ دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامی (ئامادا) تا دەگاتە (بێخمە) كە بەكانی تۆز بەناوبانگە و، 21 كم دەبێت بە گوژمەی 3 ملیار و 868 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و، 268 ملیۆن دیناری تریش تەرخان كرا، لەگەڵ كۆمەڵێك پڕۆژەی تری بچووك كە بە 200 ملیۆن و 300 ملیۆن جێبەجێ دەكرێن، كە دەكاتە چەند ملیار دینارێك.”

Back to top button