جڤاتی رۆحانی ئێزدییان داوا لە پەكەكە دەكەن شنگال چۆڵبكات
خواكوڕك
لەگەڵ دروست بوونی نائارامی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەڤەری شنگاڵ و رێگریەكانی پەكەكە لەو ناوچانە بۆ گەڕانەوەی خەلكی ناوچەكەو ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێران بووەكان, دواجار بەربەیانی ئەمڕۆ رووبەرووبنەوە لە نێوان پێشمەرگەی رۆژ و پەكەكە روویدا, بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنی رۆحانی ئێزیدی بەیاننامەیەكی سێ خاڵی بڵاودەكەنەوە كە وێڕای ئەوەی داوا كارن شنگاڵ و ناوچەكانی دیكەی ئێزید بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان, داواكارن پەكەكە لە ناوچەكانی شنگاڵ دەربچێت.
حازم میر تەحسین بەگ كوڕی میری ئێزدیانی جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: ” كە لە دوای نائارمیەكانی ئەمڕۆ لە خانە سۆر و سنونێ بەیاننامەیەك كە لە سێ خاڵی سەرەكی پێكهاتووە بڵاو دەكەنەوە كە خاڵی یەكەم ئەوەیە ئێمە پێمانخۆشە شەڕ دروست نەبێت لە شنگال، شنگال كوردستانە و ئێمە نامانەوێت لە كوردستان شەڕ دروست ببێت”.
خاڵی دووەم ئەوەیە كە” ئێمە دەمانەوێت، سنوونێ، شنگال ، خانەسۆر هەموو ئەو ناوچانە بچێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە ببرێن”.
خالی سێیەمش وەك حازم میر تەحسین بەگ ئاماژەی پێكرد ئەوەیە كە “ئێمە بە راشكاوانە داوا لە برایانی پەكەكە دەكەین ئەو ناوچەیە چۆڵبكەن، ئێمە نامانەوێت شەڕی براكوژی لە ناوچەكەمان دروستبێت”.
هەروەها وا بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوو كە بە شێوەیەكی زارەكی لە سەر زاری كوری میری ئێزیدیان بڵاو كرایەوە بە شێوەیەكی فەرمی بڵاو بكرێتەوە, ئەمەش دوای ئەوە دێت كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی شەڕە تەقە لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوا و پەكەكە لە بازگەیەكی كۆمەڵگەی خانەسۆری نزیك ناحیەی سنونێ روویدا و شەڕڤانێك گیانی لەدەستدا و چەندین كەسیش لە هەردوولا برینداربوون.