گوته‌بێژى حكومه‌ت: ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا بۆ هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ورده‌كاری له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی جوتیار عادل له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانيدا گوتی: له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری نه‌وتی عێراق بۆ داڕشتنی خشته‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی كۆده‌بنه‌وه‌ و ئومێده‌وارین له‌ زووترین واده‌دا ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی بكرێت.

له‌ باره‌ی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ گوته‌بێژى حكومه‌ت گوتی: داوامان كردووه‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پابه‌ندی رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆن بن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بێلایه‌نی خۆیان بپارێزن و ئازادی بژارده‌كانی ده‌نگده‌ران بپارێزن.

جوتیار عادل، گوتی: ئێمه‌ رێككه‌وتووین  200 ملیار دیناره‌كه‌ی عێراق،وه‌ك سولفه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان سوورین له‌سه‌ر ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا هاتوون.

گوته‌بێژی حكومه‌ت له‌ باره‌ی داخستنی 37 مزگه‌وتی شاری هه‌ولێریش به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌، گوتی: چه‌ند رێككارێكمان هه‌یه‌ و لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌و رێككارانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و مزگه‌وتانه‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر و هه‌ر كاتێك لیژنه‌ی باڵا به‌ پێویستی زانی ئه‌و مزگه‌وتانه‌ بكرێنه‌وه‌، ئاساییه‌ و ده‌كرێنه‌وه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌.

جوتیار عادل هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی گرنگی پڕۆژه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه‌، گوتی: هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت بووه‌ته‌ دیارده‌، ئێمه‌ نیگه‌رانیم له‌و دیارده‌یه‌ و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌ترسی له‌ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك رێكبخرێته‌وه‌ و مه‌رجه‌كانی توند بكرێته‌وه‌.

Back to top button