کاندیدێکی پارتی: لە مووسڵ عەرەبەکان بانگەشە بۆ ئێمە دەکەن

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ رایده‌گه‌ێنێت: بانگەشەی ئێمە لە مووسڵ زۆر باش بەڕێوە دەچێت و عەرەبێکی زۆر ھاوکاری و پشتگیریی ئێمە دەکەن و ئەگەر ترسیان نەبێت کەرنەڤاڵمان بۆ ساز دەکەن.

خالید عەزیز عەلی، کاندیدی ژمارە ٤٧ی بازنەی ٥ی مووسڵ، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: لە مووسڵ دوای دەستپێکردنی بانگەشە بە شێوەیەکی فەرمی ئێمەش دەستمان بە بانگەشە کردووە و سەردانی ھەموو ناوچەکانی سنووری بازنەی پێنج دەکەین و عەرەبەکان خۆیان، ئەوانەی شێخ و کەسایەتین، لەگەڵ ئێمە دێن بۆ بانگەشەکردن، بەڵام ھێزە میلیشیاکان کێشەیان بۆ دروست دەکەن.

خالید عەزیزعەلی گوتیشی: دۆخی ئێمە لە مووسڵ زۆر باشە و خەڵکی مووسڵ متمانەیەکی زۆریان بە ئێمە ھەیە و دەزانن ئێمە ببینە نوێنەری ئەوان خزمەتیان دەکەین، بۆیە دەنگ بە ئێمە دەدەن، چونکە ئەزموونیان لەگەڵ ئێمە ھەیە و ھەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕی داعشدا ئەوانی حەواندووەتەوە، بۆیە ئەوەیان بیر ماوە و ھۆزە عەرەبەکان زۆر ڕێز لە ئێمە دەگرن و پشتگیریمان دەکەن.

عەلی باسی لەوەش کرد: عەرەبەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوانەی بە دەنگی ئەوان ڕۆیشتوون بۆ پەرلەمان تەنھا خەمی خۆیان بووە و ھیچیان بۆ ئەوان نەکردووە، بۆیە دەیانەوێت متمانە بە ئێمە بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

Back to top button