سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ شاندێکى ئەمەریکى کۆبووەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/9/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو جینیفەر گاڤیتۆ، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کاروبارى عیراق و ئیران و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ کران و لەمبارەیەوە خاتوو گاڤیتۆ دووپاتى کردەوە کە ئەمەریکا بە بایەخەوە لە عیراق دەڕوانێت و پەیوەندیى ئەمەریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان پەیوەندیى دۆستانە و هاوبەشییەکى ستراتیژیى درێژخایەنە کە چەندین بوار دەگرێتەوە، هەروەها سەقامگیریى عیراقى بۆ پاراستنى سەقامگیریى ناوچەکە بە گرنگ و پێویست زانى، هەردوولاش هاوڕا بوون کە سەردانەکە بۆ نیشاندانى بایەخدانى ئەمەریکا بە عیراق و هەرێمى کوردستان، گرنگ و لە کاتى خۆیدایە.

خاتوو گاڤیتۆ پابەندیى ئەمەریکاى بە بەردەوامیى پشتگیرى لە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەگە و ڕێکخستنەوەى هێزەکانى دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە ئەمەریکا لە بوارەکانى دیکەى ئاسایش، وزە، ئابوورى، کولتوورى پەروەردەییشدا دەتوانێت هاوکار و هاوبەشى هەرێمى کوردستان بێت، هەروەها ئاماژەى بە سەردانێکى بۆ قەڵاى هەولێر و بینینى پرۆسەى نۆژەنکردنەوەى قەڵا کرد، جەختیشى لەوە کردەوە کە هانى وەبەرهێنانى ئەمەریکى لە هەرێمى کوردستان دەدەن، بەتایبەتى لە ڕێگەى دامەزراوەى DFCى ئەمەریکییەوە کە پشتگیریى دارایى دەداتە پرۆژەکانى وەبەرهێنان.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پیرۆزبایى لە خاتوو گاڤیتۆ بۆ دەستبەکاربوونى لە پۆستى تازەیدا، سوپاسى بەردەوامیى پشتگیریى ئەمەریکاى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکاریى نیوانیان کردەوە، هەروەها ئاماژەى بە دەرفەتى زیاترى کار و سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنانى ئەمەریکى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد.

هەردوولا باسیان لە هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانى کرد و جەختیان لە گرنگیى بەڕێوەچوونێکى سەرکەوتووانەى هەڵبژاردن کردەوە. لەمبارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست هەڵبژاردن دەرفەتێکى دیکە بداتە هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بۆ پێکەوە کارکردن و جێبەجێکردنى دەستوور و سیستمى فیدراڵى.

دیالۆگى ستراتیژیى عیراق و ئەمەریکا، دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکانى عیراق، ئاڵنگارییەکانى بەردەم وڵات، مەترسییەکانى تیرۆر، هەڕەشە و کردارەکانى داعش لە عیراق و ناوچەکە، ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو کە بەڕێز کونسوڵى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوو.

Back to top button