سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جێنیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران.
لە کۆبوونەوەکەدا،کە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و تایبەتی هەرێمی کوردستان دا کە ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێم دەڕوانێت و سەردانەکەشی بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێم کرد و کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری خستەڕوو .
هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی عێراق و ئەمەریکا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.