ده‌قی یه‌كه‌مین دیداری تاون هۆڵ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی “تاون هۆڵ”، راسته‌وخۆ وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك گه‌نج و قوتابی زانكۆكانی كوردستانی دایه‌وه و داوای له گه‌نجان كرد، له پێناو داهاتوویه‌كی باشتردا وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و گوتی: “وا سه‌یر مه‌كه‌ن ئه‌م وڵاته كه‌سێكی تر خاوه‌نیه‌تی، كه‌س خاوه‌نی ئه‌م وڵاته نییه ئێوه نه‌بن، تاك تاكی هاووڵاتی خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌یه”.
سه‌باره‌ت به مووچه و چاكسازیش، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: “من له به‌رپرسیاریەتی ناترسم، به تاقی ته‌نیاش بم به‌رپرسیاریەتی خۆم هه‌ڵده‌گرم و هه‌موو هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌یه زۆرترین داهات بگێڕینه‌وه بۆ هاووڵاتیان”. روونیشیكرده‌وه، “زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنە سه‌ر ئه‌م حكومه‌ته، سیاسیین”.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، “ئه‌و سیاسییانه‌ی، كه دێن له‌سه‌ر بنه‌مای دروستكردنی رق و كینه و خراپكردنی لایه‌نێكی دیكه خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، بزانه ئه‌مانه هیچیان پێنییه”.
ده‌قی دیداره‌كه
یادگار فایه‌ق: ئا‌زیزان سڵاوتان لێبێت، من یادگار فایه‌قم له یه‌كه‌مین دیداری تاون هۆڵ بۆ یه‌كه‌مجار له كوردستان له خزمه‌تاندا ده‌بم، دیاره ئه‌م دیداره یه‌كجار تایبه‌ته، له كاتێكی یه‌كجار گرنگ و هه‌ستیار به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌م دیداره ئێمه كۆمه‌ڵێك گه‌نج له زۆربه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به سوپاسه‌وه حزووریان هه‌یه و لێره ئاماده‌ن، ئه‌م گه‌نجانه دیاره له باكگراوندی جیاواز و له زانكۆی جیاواز، له كۆلێژ و به‌شی جیاواز هاتوون، ره‌نگه هه‌ندێكیان ده‌رچووبن.
هه‌ر یه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پرسیاری هه‌یه، پرسیاره‌كان بۆ كێن؟ بۆ جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تن، كه پاش تۆزێكی دیكه لێره ئاماده ده‌بێت و راسته‌وخۆ وه‌ڵامی پرسیاری ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌داته‌وه، پرسیاره‌كانیش له زۆربه‌ی بواره‌كان خۆیان ده‌بیننه‌وه و دنیابینی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك مه‌سرور بارزانی و كابینه‌كه‌ی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و زۆر بابه‌تی دیكه‌ش ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
ئه‌گه‌ر ئێوه ئاماده‌ن با به‌خێرهاتنی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك مه‌سرور بارزانی بكه‌ین.. فه‌رموون:
سه‌رۆكی حكومه‌ت: به‌خێربێن.. زۆر زۆر سوپاس فه‌رموون
یادگار فایه‌ق: كاك مه‌سرور ئه‌م كاته‌ت باش
سه‌رۆكی حكومه‌ت: ئه‌م كاته‌تان باش.. سوپاس
یادگار فایه‌ق: سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته ماندوو نه‌بن، پێمخۆشه به‌ر له‌وه‌ی بچینه لای پرسیاره‌كانی ئه‌م هاوڕێیانه، هه‌ر بابه‌تێك هه‌ر شتێكت هه‌یه له سه‌ره‌تای قسه‌كانت پێت‌خۆش بێت تیشكی بخه‌یه سه‌ر بۆ یه‌كه‌مین دیداری تاون هۆڵ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی حكومه‌ت: من زۆر زۆر خۆشحاڵم زۆر سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته و به‌خێرهاتنی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌كه‌م كه لێره ئاماده‌ن، ئه‌م جۆره دیدارانه پێموایه زۆر پێویسته، زۆرجار گوێمان لێده‌بێت كه به‌رپرسه‌كان گوێ ناگرن، بۆیه من ویستم له خزمه‌ت ئێوه‌دابم له نزیكه‌وه گوێ له ئێوه بگرم، هه‌رچی پرسیارێكتان هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌تی ئێستا كه هه‌ڵبژاردنمان له پێشه یان له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌ی گشتی، یان هه‌ر پرسیارێك لاتانه من ئاماده‌م له خزمه‌تان بم و وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه.
گه‌یلان سلێمان/ هه‌ولێر، قوتابی كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین:
له ستراتیژیه‌تی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، له هێڵه گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا چاكسازی شوێنێكی گرنگ و به‌رفراوانی داگیركردووه، به خۆشحاڵییه‌وه هه‌نگاوی زۆر باش و گرنگ نراون، ئه‌وه جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و فه‌خره به راستی، جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت پرسیاره‌كه‌ی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه، به نسبه‌ت بابه‌تی نه‌وت، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ده‌كرێ پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه له خاڵێكدا ئێوه كۆك بن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه گرێبه‌ستتان له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌مه بابه‌تێكی یاساییه و به‌گوێره‌ی پره‌نسیپه یاساییه‌كان خاڵێكی ئیجابی ده‌بێت، جه‌نابتان چیتان هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر زۆر سوپاس كاك گه‌یلان، به‌خێر بێی، جه‌نابت باسی بابه‌تێكت كرد كه رۆژانه گوبێبیستی ده‌بین و زۆر له هاووڵاتیان زۆرجار ئه‌و بابه‌ته باس ده‌كه‌ن و بۆیان بووه‌ته جێی پرسیار، ئه‌ویش بابه‌تی نه‌وت و غازه. له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا نووسراوه كه چۆنیه‌تی ئیداره‌دانی ئه‌و مه‌له‌فه كه ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی فیدراڵه له ده‌ستووردا نووسراوه، ئێمه پێمانوایه له هه‌رێمی كوردستان به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی یاسایی كه له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه بۆی كراوه، كه هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆی وه‌كو خۆی جێبه‌جێ كردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتری به‌خۆی نه‌داوه له‌وه‌ی كه ده‌ستوور مافی پێداوه، ده‌رهێنانی نه‌وت دوو بابه‌تی سه‌ره‌كییه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی هاتوون و وه‌به‌رهێنانیان كردووه بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت، بابه‌ته‌كه‌ی دیكه فرۆشتنی نه‌وت، كه‌ئه‌وانیش هه‌ندێك كۆمپانیای ترن كۆنتراكتیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌رێم كردووه كه ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌ردێت دواتر ده‌یبه‌ن و ده‌یفرۆشن و داهاته‌كه‌شی بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه.
لێره زۆرجار ده‌بیستین كه هه‌ندێك ژماره ده‌خرێنه‌ڕوو، كه به‌راستی راست نین، چونكه هه‌ر یه‌كه‌ك دێت ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده به‌رمیله نه‌وته ده‌ردێت، نرخی نه‌وت به‌وه‌نده‌یه له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌نده داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه، كه ئه‌وه وا نییه، جارێ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه نه‌وت ده‌ردێنن خۆیان تێچوویان هه‌یه تێچووی ده‌رهێنانی پێده‌ڵێن، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك دێت وه‌به‌رهێنان ده‌كات كۆنتراكتی هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌رێم كه مرووری زه‌مه‌ن چۆن ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی خۆی سه‌رمایه‌ی خۆی كه وه‌به‌رهێنانی تێدا كردووه چۆن بۆی بگه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وتیشی ده‌كه‌وێته سه‌ر، به‌شێك له‌و پاره‌یه ده‌بێت بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وانه‌ی كه نه‌وتیش ده‌كڕن، ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه ئیتیفاق و كۆنتراكتیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌رێم هه‌یه كه ده‌بێ به چ نرخێك نه‌وته‌كه بكڕن.
نه‌وتی هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ نه‌وتی برێنت، كوالیتی وه‌كو یه‌ك نییه، كوالیتی نه‌وتی هه‌رێم كه‌متره له برێنت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ره‌قه‌مه‌ی زۆرجار ده‌بیستین ئه‌وه نییه كه سعری نه‌وتی هه‌رێم بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا هه‌قی گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه ده‌كرێت له كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تاكو ئه‌و شوێنه‌ی بارهه‌ڵگره‌كان نه‌وته‌كه وه‌رده‌گرن، ئه‌وه خۆیشی كولفه‌یه‌كی زیاده‌ی دێته‌سه‌ری، ئه‌وه‌شتان لێ ناشارمه‌وه له 2014 تاكو 2017 حكومه‌تی فیدراڵی بودجه‌ی هه‌رێمی به شێوه‌یه‌كی ته‌واوی بڕی، به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ بڕه بودجه‌یه‌كی بۆ هه‌رێم نه‌نارد، واتا دوای بڕینی بودجه هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی داوه، كه‌واته بڕینی بودجه به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست به‌وه نه‌بووه، كه هه‌رێم نه‌وتی ده‌رهێناوه، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه بووه، بودجه‌كه بڕاوه ئینجا نه‌وته‌كه‌ی ده‌رهێناوه، ده‌رئه‌نجام بووه، تاكو ماوه‌یه‌كیش رێژه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت گه‌یشته ئاستێك تا راده‌یه‌ك بتوانێت یارمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بدات.
له‌و ماوه‌یه هه‌رێم بێ بودجه مایه‌وه ناچاربوو به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی پێویست بووه بۆ دانی مووچه، راپه‌ڕاندنی ئیش و كاره‌كان له‌و كۆمپانیایانه به قه‌رز وه‌ربگرێت، واتا ئه‌وانه قه‌رزیان داوه بۆ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته نه‌وته‌كه بكڕن دواتر حكومه‌تی هه‌رێم قه‌ره‌بووی ئه‌وانه به نه‌وته‌كه بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش وایكردووه هه‌م ئینتێرێستی دێته سه‌ر هه‌م نرخه‌كه‌ی كاریگه‌ریی ده‌كه‌وێته سه‌ر، بۆیه نرخی نه‌وتی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بینرێت كه تۆزه‌ك كه‌متر بووه له‌و رێژه‌یه‌ی كه خه‌ڵك پێیوایه ده‌بووایه به‌مشێوه‌یه بێت، ئه‌م هۆكارانه هه‌ن كه ئه‌مانه هه‌مووی به‌داخه‌وه به‌ڵام ده‌كرا به جۆرێكی دیكه بێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدرالی پابه‌ندی بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستووری فیدراڵی بوونایه، ده‌بووایه له‌گه‌ڵ هه‌رێم رێككه‌وتنێكی جیاوازتریان كردبایه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته.
بۆیه ده‌توانم بڵێم ئێستا پێداچوونه‌وه به‌و رێككه‌وتنانه‌ش كراوه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كابینه‌یه ده‌ستی به‌كاركرد، ئێمه پێداچوونه‌وه‌مان به هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆپمانیایانه‌ی نه‌وت ده‌ردێنن له‌گه‌ڵ ئه‌وان دیسان وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان به دووردرێژی قسه‌یان كردووه چۆن بتوانن تێچووی نه‌وته‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه و ته‌مه‌نی كێڵگه‌كانیش كه‌م بكه‌نه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه نه‌وتیش ده‌كڕن، دیسان گفتوگۆیه‌كی دیكه‌یان ده‌ستپێكردووه تا حه‌دێكی زۆریش سه‌ركه‌وتووبین، رێژه‌یه‌یه‌كی زۆریش له‌و داشكاندنه‌ی كه به‌م كۆمپانیانیه‌ی كه‌م بكه‌ینه‌وه، كه‌واته به‌شێكی زۆری داهات بۆ حكومه‌تی هه‌رێم له‌م گۆڕانكارییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مه هه‌مووی ده‌كه‌وێته خاڵی ئه‌م چاكسازییانه‌ی له‌م كه‌رته كراوه.
دونیا جه‌بار كاكه‌یی/ سلێمانی – ده‌رچووی كۆلیژی كشتوكاڵ:
له‌كاتێكدا كه چه‌ند مانگێك ده‌بێت و بودجه به‌بێ لێبڕینه‌وه ده‌درێته هاووڵاتیان، ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه له‌ناو هاووڵاتیان ته‌نیا ئه‌مه له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنه، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه لێبڕینه‌كه وه‌كو خۆی لێدێته‌وه، ئێستا چه‌ند مانگێكه لێبڕینه‌كه لاچووه، قسه‌ی ئێوه چییه؟ دوای هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌بێت یان لێبڕینه‌كه دێته‌وه؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: سوپاس.. من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووتان بمناسن، به‌خوا من فێڵ ناكه‌م، بۆ ئه‌وه‌شم نییه له‌م هه‌ڵبژاردنه بێ، با تۆزێك پشووتان فراوان بێت، شتێكتان بۆ باس بكه‌م، زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر ئه‌م حكومه‌ته سیاسییه، ئه‌گه‌رنا ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م گله‌ییه ده‌كه‌ن زۆر باش ده‌زانن، من باسی هاووڵاتی ناكه‌م، باسی ئه‌وانه ده‌كه‌م كه ئه‌و بابه‌تانه ده‌ورووژێنن و به هه‌ڵه خه‌ڵك تێده‌گه‌یه‌نن، دێن ده‌ڵێن ئه‌و حكومه‌ت به‌س بۆ هه‌ڵبژاردن لێبڕینی لابردووه، جارێ ئه‌وه لێبڕین نییه و من هه‌رگیز نه‌مگوتووه ئێمه مووچه ده‌بڕین، بڕیارێكی شه‌خسی نه‌بووه، بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بووه، جا ئێستا یه‌كێك بێت له‌به‌ر هه‌ڵبژاردن نایه‌وێت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت، من له به‌رپرسیارێتی ناترسم، به تاقی ته‌نیاش بم به‌رپرسیارێتی خۆم هه‌ڵده‌گرم، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی پێتان بڵێم، ئێمه گوتوومانه بودجه‌ی به‌رده‌ست چه‌نده زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بۆ هاووڵاتی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی نه‌نارد و به‌شه‌كه‌ی خۆمان به‌شی نه‌كرد، له كوێ بێنین؟ ئه‌وه پرسیارێكه و ده‌بێت بیكه‌ین.
جا با بێینه سه‌ر هه‌ندێك ژماره، به‌پێی بودجه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌بووایه زۆر زۆر له‌وه زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م كابینه‌یه تاكو ئێستا، 13 مانگ بودجه‌ی هه‌رێم نه‌نێردراوه، ته‌نیا ئه‌م دوو مانگه‌ی رابردوو ئه‌ویش، 200 ملیار دینار، كه ده‌كاته 137 ملیۆن دۆلار، ئه‌وه‌نده‌یان ناردووه، ئایا ئه‌وه به‌شی حكومه‌تی هه‌رێمه؟ نه‌خێر. جا سه‌یر بكه‌ن دێن ده‌ڵێن هه‌ڵه‌كه له حكومه‌تی هه‌رێمه چونكه حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست نه‌كردووه، بۆیه حكومه‌تی عێراق به‌شه بودجه‌كه‌ی نه‌ناردووه، با من ئه‌وه‌شتان بۆ راست بكه‌مه‌وه كه راست نییه، چونكه به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم زۆر زۆر له‌وه زیاتره، 900 ملیۆن دۆلاره كه ده‌بووایه حكومه‌تی عێراق بۆ هه‌رێمی بنێرێت ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌شه‌كه بنێرێت، حكومه‌تی عێراق هاتووه هه‌رچی نه‌وتی هه‌رێمه هه‌رچی داهاتی ناوخۆیه هه‌مووی حیساب كردووه به زیاده‌شه‌وه، لێیبڕیوه ده‌ڵێت ته‌نیا من ئه‌وه‌نده‌ت بۆ ده‌نێرم ئه‌وه‌ی دیكه حه‌قی خۆمه و پێت ناده‌م، واتا كاتێك ده‌ڵێن حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست نه‌كردووه خۆ تۆ ناچی به‌رمیله‌ك ببه‌ی و ته‌سلیم بكه‌ی، سعری نه‌وته‌كه چه‌نده ئه‌وه‌ی له ئێمه بڕیوه، به‌ڵام جگه له بڕینه‌كه، ئه‌وه‌ی كه ده‌شمایه‌وه، ئێستا ئه‌وان ده‌ڵێن 200 ملیار ماوه‌ته‌وه، كه وا نییه و له‌مه زیاتره.
واتا ئه‌گه‌ر به حیساب و كتاب لێكی بده‌ینه‌وه زۆر له‌وه زیاتره به‌شه‌كه‌ی هه‌رێم، حكومه‌تی عێراق هاتووه كردوویه‌تی به 200 ملیار دینار، ده‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت بۆ ده‌نێرم ئێستا، باشه گوتمان قه‌ینا، به‌ڵام ئێمه چیمان كرد، له سه‌ره‌تاوه هاتین چاكسازیمان كرد، چاكسازی له چی؟ خۆ ئێمه نه‌مانتوانیوه داهاتی خۆمان سه‌رچاوه‌ی داهات زیاتر بكه‌ین، هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌وته‌یه كه هه‌یه هه‌ر ئه‌و بارزگانییه كه ده‌كرێ و هه‌ر ئه‌و داهاته ناوخۆییه كه هه‌یه، با ئه‌وه‌تان له‌بیر نه‌چێت، من بێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه رووبه‌ڕووی چی بووینه‌ته‌وه؟ بۆ ئێمه وامان به‌سه‌رهات؟ بۆ ئه‌و بودجه‌یه‌مان به‌رده‌ست نه‌بوو؟ له سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی كابینه، خۆشتان ده‌زانن له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه باسم كرد چوار ساڵ بودجه نه‌هات، شه‌ڕی داعش بوو، نرخی نه‌وت دابه‌زی، ئه‌مانه هه‌موو وایانكرد حكومه‌تی ئێمه قه‌رزدار بوو، له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م حكومه‌ته قه‌رزێكی چه‌ند ملیاریمان بۆ مایه‌وه.
دوای ئه‌وه ئێمه هاتین گوتمان با چاكسازی بكه‌ین له كه‌رتی ئابووری، له هه‌موو كه‌رته‌كانی دیكه چاكسازی بكه‌ین، وامان كرد له ماوه‌ی دوو سێ مانگی یه‌كه‌م داهاتی ناوخۆمان دوو ئه‌وه‌نده لێ‌كرد، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهاتمان زیادكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستمان بوو رێكمان خسته‌وه، كرا به داهات بۆ حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هاووڵاتی بگه‌ڕێته‌وه، له‌وه‌ی كه له به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێك و لایه‌نێك خه‌رج بكرێت، به‌ڵام كۆرۆناشمان به‌سه‌ردا هات، كۆرۆناش وایكرد نرخی نه‌وت دابه‌زی، بۆ كه‌متر له 10 دۆلار، بازرگان‌یش نه‌ما له نێوان وڵاتان، هه‌ر ئابووری دنیا هه‌ره‌سی هێنا، نه داهاتی گومرگ ما، نه داهاتی نه‌وت ما، نه حكومه‌تی عێراق بودجه‌ی بۆ ناردین، باشه یه‌كێك به ئینسافه‌وه ئه‌م پرسیاره ناكات ئه‌م حكومه‌ته چۆن توانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستی، چۆن توانیتان ئیداره‌ی ئه‌م ره‌وشه بكه‌ن به‌بێ هیچ داهاتێك، ئینجا چیمان كرد له حاڵه‌تێكی وا ده‌كرا بچین قه‌رز بكه‌ین، منیش بچم چه‌ند ملیار دۆلارێك له شوێنێك قه‌رز بكه‌م، باری خۆم سووك بكه‌م، بڵێم مووچه ده‌ده‌ین و قه‌رز وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه چاره‌سه‌ره؟ ئه‌مه راكردنه له به‌رپرسیارێتی فڕێدانی به‌رپرسیارێتیه بۆ سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو، چونكه ئه‌و قه‌رزه ده‌بووه بارگرانی له‌سه‌ر كابینه‌ی داهاتوو و دوای ئه‌و له‌سه‌ر نه‌وه‌ی دوای ئه‌و، ئێمه توانیمان ئیداره‌ی خۆمان بكه‌ین.
راسته نه‌مانتوانیووه به ته‌واوی مووچه بده‌ین، به‌ڵام هیچ نه‌بێت بۆ بودجه‌ی به‌رده‌ست كه هه‌ر به‌شی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرد 79 له سه‌دی مووچه‌كه بده‌ین، ئه‌وه وایكرد جارێكی دیكه حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه ئیدامه‌مان داوه بۆ حكومه‌تی عێراق و بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش سه‌لماندمان كه خه‌تاكه له هه‌رێم نییه، هه‌رێم هه‌موو ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به ده‌ستوور و حكومه‌تی فیدراڵی جێبه‌جێ كردووه، ئه‌مه حكومه‌تی فیدراڵییه كه دواتر بینیمان بڕیاره‌كه بڕیارێكی سیاسی بووه، ئه‌م پرسیاره ده‌بێت ئێوه‌ش له‌خۆتان بكه‌ن، ئێمه ئاماده‌ین بێین واز له هه‌موو شتێك بهێنین ته‌نیا له پێناو مووچه؟ باشه ئێمه خه‌باتی چیمان كرد؟
ئێمه داوای ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان كردووه، داوای كیانمان كردووه، داوای خاكمان كردووه، داوای یه‌كسانیمان كردووه، داوای بزرنه‌بوونی خوێنی پێشمه‌رگه و ئه‌نفالمان كردووه، ئه‌وانه‌ن ئه‌و مافانه‌ی كه پێناسه‌ی ئێمه‌ن، ئێمه ئاماده‌ین واز له‌و هه‌موو وشتانه بهێنین له پێناو مووچه؟ ئینجا بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌م پرسیارانه فڕێده‌ده‌نه ناو كۆمه‌ڵگه كه حكومه‌ت ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردن مووچه ده‌دات، راست نییه ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردن نییه، مووچه‌مان هه‌بێت قه‌ره‌بووی مووچه نه‌دراوه‌كه‌ش ده‌ده‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌مان بێت، ئه‌گه‌ر نه‌مانبێت، من به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان پێده‌ده‌م ئه‌وه‌ی به‌رده‌سته ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ هاووڵاتییه.
باوه‌ڕ ناكه‌ن خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت له چ ئاستێك كه‌م كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا ته‌نیا بۆ به‌ڕێوه‌بردن، چونكه ئێمه ویستوومانه ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستمان بێت بۆ هاووڵاتی سه‌رف بكرێت، ئێستا له خوا به‌زیاد بێت هه‌م بووژانه‌وه‌ی ئابووری ده‌ستیپێكردووه‌وته‌وه، من ده‌مه‌وێت سوپاسی كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌م به هانای حكومه‌ته‌وه هاتن، نه‌یانهێشت پرۆژه‌كان بوه‌ستن، نه‌یانهێشت جووڵه‌ی بازرگانی له كوردستان بوه‌ستێت، ئه‌وه یارمه‌تیده‌ری ئێمه بوو، ئه‌زموونێكی باشیش بوو كه ئێمه بتوانین له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین، دڵنیاشتان ده‌كه‌مه‌وه به‌س به‌ربه‌ستی سیاسی نه‌بێت و ئه‌م دژایه‌تییه‌ی بۆ شكاندنی هه‌رێم بوه‌ستێت، ئێمه زۆر زۆر له‌وه زیاتر ده‌توانین بیكه‌ین.
یادگار فایه‌ق: سوپاستان ده‌كه‌م دیاره ئه‌و شتانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی كرد، روونه خه‌می زۆر زۆر گه‌وره بوون و ئاسته‌نگی گه‌وره‌بوونه، كاك مه‌سرور سه‌ری سپی كردی.
سه‌رۆكی حكومه‌ت: قه‌یناكا گرنگ ئه‌وه‌یه یه‌كێك ده‌بێت ئیش بكات، له‌خوا به‌زیاد بێت، من سوپاسی ئێوه‌ش ده‌كه‌م، سوپاسی هه‌موو هاووڵاتیان ده‌كه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گله‌ییش هه‌بووبێت به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی كردووه پشتیوانی حكومه‌تیش بووه ئه‌گه‌ر پشتیوانی نه‌بوونایه ئێستا من لێره نه‌ده‌بووم، نه‌شمانده‌توانی رووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو كێشه و گرفتانه بوه‌ستینه‌وه، پێش هه‌موو كه‌سێك خۆڕاگری ئێوه وایكرد كه هێزی به ئێمه دا ئێمه بتوانین به‌رگری له مافه‌كانی ئێوه بكه‌ین.
محه‌مه‌د عه‌ونی/ هه‌ولێر – قوتابی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی تیشك، به‌شی ددانسازی
سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته جوانه، پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كه ئێستا ئێمه له‌سه‌رده‌مێكی ته‌كنه‌لۆژیادا ده‌ژین، زۆربه‌ی كاری داموده‌زگا حكومییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كلاسیك و روتینی به شێوه‌ی ده‌ست وكاغه‌ز به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئایا جه‌نابتان هیچ پلانێكتان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سوود وه‌رگرن له ته‌كنه‌لۆژیا بۆ به‌سیسته‌مكردنی كاروباره‌كانی حكومه‌ت؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر زۆر سوپاس كاكه، زۆر به‌خێر بێی، ئێمه په‌رتووكێكمان بڵاوكردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت چ چاكسازییه‌كی كردووه، نه‌تانبینیوه؟ زۆر شتێكی پوخته و ئه‌م شتانه‌ی تێدایه، بۆ زانیاری جه‌نابت ئه‌و شتانه‌ی جه‌نابت باسی ده‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تای كابینه‌وه ئێمه ده‌ستپێمانپێكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه حكومه‌ت به‌ره‌و به ئه‌لیكترۆنیكردن ببه‌ین، ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه پێویستن بۆ هاووڵاتی به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی خێرا، هه‌م روتین كه‌م بكه‌ینه‌وه هه‌م ئاسانكاری بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئیشوكاره‌كان، ئێستا ئه‌و هه‌مووی كراون به ئه‌لیكترۆنی، هه‌مووی شه‌فافه، هیچ وه‌زاره‌تێك ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ گرێبه‌ست بكات ئه‌گه‌ر نه‌چێته ئه‌م فۆڵده‌ره‌وه نه‌چێته ئه‌م پۆرتفۆڵیه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و شتانه هه‌مووی كۆنتڕۆڵكراون، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا باسی ئه‌وه‌مان كرد، بۆ ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی شۆفێری بۆ نموونه، ئێمه چیمان كردووه؟ جارێ بڕیارمان داوه زۆر له‌و بنكانه شۆڕبكه‌ینه‌وه ته‌نیا له سه‌نته‌ری پارێزگاكان نه‌مێنن بچن بۆ قه‌زاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان و ئه‌م جۆره شتانه‌مان بڵاوكردووه‌ته‌وه له زۆر شوێن، هه‌مووشیان به شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی به‌ستراونه‌ته‌وه به وه‌زاره‌ته‌كان و به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه له‌وانه‌یه به شه‌و و رۆژێك هه‌مووی ته‌واو نه‌بێت، هه‌تا تۆماركردنی كۆمپانیاش پێشتر ره‌نگ بوو مانگ و دوو مانگ و سێ مانگی پێویست با ئێستا به رۆژێك ده‌كرێت، پێشتر 3 بۆ 4 هه‌زار دۆلاری ده‌ویست ئێستا به 200 دۆلار ده‌كرێ، واتا هه‌موو ئه‌و جۆره شتانه كراون، به‌ڵام خۆزگه ئێوه زیاتر متابه‌عه‌تان كردبا بتانبینینا، له‌وانه‌یه هه‌ندێكیشی هه‌ڵه‌ی حكومه‌ت خۆی بووبێت كه نه‌یتوانیوه ئه‌و په‌یامه به هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت، ئه‌و گله‌ییه با من له حكومه‌تی خۆمان بكه‌م، ده‌بووایه ئه‌م جۆره ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه زۆر زۆر دیاریشن به هاووڵاتی بگه‌ن، هیوادارم ئه‌وه به‌شێك بێت له‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه ئه‌م هه‌واڵه خۆشانه به هاووڵاتیان بگه‌ن، ئێوه‌ش له‌وه دڵنیا بن، هێشتا ئێمه نه‌گه‌یشتووینه‌ته قۆناغی كۆتایی، به‌ڵام دڵنیا به زۆرزۆر گرنگی به ئه‌لیكترۆنیكردن و به دیجیاڵتكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ده‌ین، كاره خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م كاتیان به فیڕۆ نه‌ڕوات هه‌م ئیشوكاره‌كان به ئاسانتر بڕوات هه‌میش شه‌فاف بێت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جالی گه‌نده‌ڵی تێدا نه‌بێت.
محه‌مه‌د سه‌عد/ رای به‌ڕێزتان چییه له‌سه‌ر بارودۆخی داهاتووی كوردستان، ئاماده‌ن چی بۆ داهاتوو بكه‌ن؟ داهاتووی گه‌نجان بۆ دامه‌زران و هه‌لیكار چی لێدێت؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: من زۆر گه‌شبینم به داهاتووی كوردستان، ئێمه قۆناغی زۆر سه‌خت و ناخۆشمان تێپه‌ڕاند، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌موو ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك بنێین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانێكی ئاوه‌دانتر و سه‌قامگیرتر و گه‌شه‌سه‌ندووتر پێكه‌وه دروست بكه‌ین، پێموایه ده‌توانین ئه‌وه‌ش بكه‌ین، ده‌توانین ئه‌وه بكه‌ین به‌و هه‌نگاوه چاكسازییانه‌ی كه ئێمه ده‌ستمانپێكردووه، هه‌روه‌ها ماندووبوونی ئێوه‌ش چونكه ئه‌وه، دیسان من ده‌ڵێم وا سه‌یر مه‌كه‌ن ئه‌م وڵاته كه‌سێكی تر خاوه‌نیه‌تی، كه‌س خاوه‌نی ئه‌م وڵاته نییه ئێوه نه‌بن، تاك تاكی هاووڵاتی خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌یه، كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه زۆرجار كولتوورێك بڵاوكرایه‌وه كه بڵێن ئه‌و وڵاته موڵكی كه‌سێكه منی گه‌نج تۆی گه‌نج هیچ جێگه‌مان له‌و وڵاته‌دا نییه، سه‌رهه‌ڵگره و بڕۆ بۆ كوێ ده‌ڕۆی بڕۆ، هیچ هه‌ستێكی خۆشه‌ویستی بۆ وڵات و خاك به جێنه‌ما، نه‌یانهێشت، ئه‌مه وایكرد كه ئه‌م هه‌سته نائومێدییه له‌ناو ناخی گه‌نجدا دروست بێت، جارێ ئه‌م كولتووره ده‌بێت ئێوه پێش هه‌موو كه‌س هه‌وڵ بده‌ن بیگۆڕن، چونكه وڵاتی كه‌س نییه هی ئێوه‌یه.
نابێت تۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وڵاتی خۆت بۆ كه‌سێكی دیكه به‌جێ بهێڵیت، ده‌بێت خۆت خاوه‌نداری ئه‌و وڵاته بكه‌ی و به‌شداریش بی له دروستكردنی وڵاته‌كه‌ت، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه بۆ حكومه‌تیش ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه چۆن له ئاستی تمووحی ئێوه‌دا بێت و چۆن خزمه‌تی ئێوه بكات، هه‌ڵبژاردنیش كه دێنه پێشه‌وه، هه‌ڵبژاردن كاتی ته‌قیمی ئه‌دای حكومه‌ته، ئێوه دێن ده‌ڵێن ئه‌م كه‌سه یان ئه‌ملایه‌نه سیاسییه شتێكی باشی كردووه پاداشتی بده‌نه‌وه ئه‌گه‌ر به دڵتان بێت، ئه‌گه‌ر به‌دڵتان نه‌بوو مافی ئێوه‌یه بیگۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی خۆتان یان ئه‌و ئاره‌زوو و ئه‌و جۆره وڵاته‌ی كه ده‌تانه‌وێ له داهاتوو هه‌تانبێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان به‌شدار بن، خۆتان حاكم بن، خۆتان ده‌سه‌ڵاتداربن له دروستكردن و بنیاتنانی ئه‌و جۆره وڵاته‌ی له داهاتوو ده‌تانه‌وێ هه‌تابنێت، ئێوه قه‌ت تصور مه‌كه‌ن ئێوه هێزتان كه‌مه گه‌وره‌ترین هێزی ئه‌م وڵاته هێزی هاووڵاتییه، هێزی ده‌نگی ئێوه‌یه، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر ئێوه به‌شدار نه‌بن ئێوه ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه له جێگه‌ی ئێوه ده‌نگ ده‌دات و له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش نه‌بێت كه ده‌تانه‌وێت، من خۆم قه‌ناعه‌تێكی زۆرم هه‌یه و بڕوایه‌كی زۆریشم به توانای خۆمان و توانای ئێوه هه‌یه كه ده‌توانین وڵاتێكی خۆش و ئاوه‌دان دروست بكه‌ین به یه‌كه‌وه.
یادگار فایه‌ق: كه‌واته بۆ ته‌واوكردنی پرسیاره‌كه چه‌ند گرنگه گه‌نج هۆشیار بێت به‌رامبه‌ر به ده‌نگه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به فیڕۆ نه‌ڕوات؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر زۆر گرنگه هۆشیار بێت، چونكه گه‌نج خۆی، دیسان ده‌ڵێم، چه‌ندینجار بڵێم هه‌ر كه‌مه، داهاتووی ئه‌م وڵاته ئێوه‌ن، سه‌ركرده‌ی ئایینده‌ی ئه‌م وڵاته ئێوه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م وڵاته ئێوه‌ن، باشه ئێوه له ئێستاوه رێگه خۆش نه‌كه‌ن بۆ داهاتووێكی باشتر كێ بۆتان بكات؟ ده‌بێت ئێوه بیكه‌ن، ده‌نگی ئێوه زۆر زۆر گرنگه، به‌ڵام به ویژدانه‌وه ده‌نگ بده‌ن، من زۆرجار ئه‌و قسه‌یه‌م كردووه، ئێستا ده‌ڵێم به‌یانی حه‌ز ده‌كه‌م زۆر زۆر خۆیانه و وه‌كو خوشك و برا ئه‌م قسه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین، دروستكردنی تاك له كوردستان له هه‌موو شتێك گرنگتره، بیركردنه‌وه له هه‌موو شتێك گرنگتره، به قسه‌ی من مه‌كه ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تت به قسه‌ی من نه‌بێت، ته‌نیا بڕیاریش له‌سه‌ر قسه مه‌ده، بڕیار له‌سه‌ر كردار بده‌ن، بزانن كێ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌یكات جێبه‌جێی ده‌كا خاوه‌ن به‌ڵێنی خۆیه‌تی؟ خاوه‌ن ئه‌م قسه‌یه قسه‌كه‌ی كردووه به كردار یان نا؟
ئێوه خۆتان باشترین حه‌كه‌من، ئێوه ده‌توانن ئه‌و ته‌قیمه بكه‌ن، ئێوه ده‌توانن رێگه‌ی راست له‌پێشتانه هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت لێی لابدا ئێوه ده‌بێت رێگر بن و نه‌هێڵن رێگه‌كه‌تان لێ تێكبده‌ن، رێگه راسته‌كه به‌ده‌ست خۆتانه، چۆن ده‌تانه‌وێ به كام رێگه‌دا بڕۆن ئێوه ده‌توانن ئه‌م بڕیاره بده‌ن، بۆیه من جارێكی دیكه داواتان لێده‌كه‌م خۆتان بیربكه‌نه‌وه به قه‌ناعه‌تی خۆتان بڕیار بده‌ن بیزانن كێ له حزمه‌تی ئێوه‌دا ده‌بێت و كێ ده‌توانێت به‌رگری له ئێوه بكات، كێ ده‌توانێت خۆی بكاته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵاته‌كه‌ی، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه وڵاته‌كه‌ی بكاته قوربانی خۆی.
ئه‌وه هه‌مووی بۆ ئێوه ده‌مێنێته‌وه، هیوادارم هه‌مووشتان ماشه‌ڵا زیره‌ك و تێگه‌یشتوون، نامه‌وێ ئه‌وه وه‌كو ئامۆژگارییه‌ك بێت، به‌ڵام وه‌كو قسه‌یه‌ك و ده‌ردڵێك له‌به‌ینی من و ئێوه كه هیوادارم ئێوه بتوانن یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه راست بكه‌ینه‌وه و خێراتریش هه‌نگاو بنێین.
ئه‌رین ئیبراهیم/ سلێمانی – زانكۆی كوردستان – هه‌ولێر به‌شی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان:
ئێستا جه‌نابتان باسی گرنگی به‌شداری سیاسیتان كرد، به‌تایبه‌تیش به‌شداری سیاسی گه‌نجان، نازانم ئه‌كید هه‌موومان ده‌زانین كه به‌شداری سیاسی گه‌نجان زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه له كوردستان و به‌رده‌وامیش له كه‌میدایه، جه‌نابتان پلانتان چییه و چیتان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری سیاسی گه‌نجان زیاد بكه‌ن له سیاسه‌ت به تایبه‌تیش له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كه ئێستا نزیك بووه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر زۆر سوپاس ئه‌رین خان ئه‌م به‌شدارییه‌م هیوادارم به‌شێك بێت له‌و شته‌ی كه ده‌یكه‌ین، من ده‌مه‌وێ ئێوه خۆتان بڕیارده‌ربن، بڕوا بكه‌ن هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌نج چییه، من حه‌ز ناكه‌م خه‌ڵك بڕیار له چاره‌نووسی ئێوه بدات، گه‌نج له‌سه‌ر چی دووركه‌وتووه‌ته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێك پێیگوتووه تۆ ده‌نگت قیمه‌تی نییه، تۆ خۆت وجوودت نییه له‌به‌ر ئه‌وه دوور بكه‌وه، گه‌نج ده‌بێت زۆر له‌وه وریاتر و وشیارتر بێت و خۆی بڕیار ده‌ربێت، به قسه‌ی كه‌سی تر نه‌كات كه پێی بڵێ ده‌بێت چی بكات و چی نه‌كات، یه‌كێك بێت پێتان بڵێت به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان مه‌كه‌ن، بۆچی؟
باشه بۆ تۆ خاوه‌نی ئه‌م بڕیاره‌ی به‌ڵام ماف به من ناده‌ی من بڕیاری خۆم بده‌م به‌شدار بم یان به‌شدار نه‌بم، ئه‌و سیاسییانه‌ی، كه دێن له‌سه‌ر بنه‌مای دروستكردنی رق و كینه و خراپترین لایه‌نێكی دیكه خۆیان نمایش ده‌كه‌ن بزانه ئه‌مانه هیچیان پێنییه، ئه‌وانه‌ی دژی لایه‌نه‌كانی دیكه قسه ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وه‌ی فڵانه كه‌س هه‌ڵه‌ی كردووه وه‌رن ده‌نگ به من بده‌ن، باشه من بۆ ده‌نگ به تۆ بده‌م چووزانم به‌ڵكو تۆ له‌و خراپتر بی، فه‌رموو پێم بڵێ چی باشت پێیه؟
كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێ كه كێ زیاتری پێده‌كرێ، كێ باشتری پێده‌كرێ، ئه‌وه‌ش به قسه ناكرێ، بۆیه خۆیان له‌م بابه‌ته ده‌ده‌نه لایه‌ك چونكه كه دێته سه‌ر كردار هیچیان پێ نییه نمایشی بكه‌ن، سبه‌ی بۆ نموونه یه‌كێك دێت ده‌ڵێت من به‌رگریت لێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كوردستان كه‌وته به‌ر شاڵاوی هێرشێكی دڕندانه‌ی دوژمنان به‌رگریتان لێده‌كه‌م، ئێ ناتوانێت وا بڵێت چونكه نه‌یكرد، هێرشیش هاته سه‌رمان و به‌رگریشیان نه‌كرد، ئه‌وه‌ی به‌رگری كردووه زۆر بێ منه‌تانه سینگیش ده‌رده‌په‌ڕێنێت و ده‌ڵێت با كردم و قوربانیشم داوه و جارێكی دیكه‌ش ده‌یكه‌م، به‌رگریشت لێده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له تواناشمدا بێت ده‌یكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كوردستانه سه‌ربكه‌وێت و قوربانی بۆ كوردستان ده‌ده‌م، چونكه كردوویه‌تی، بۆیه ئه‌وه‌ی من داواتان لێده‌كه‌م، با ئه‌و دیداره بێت له‌گه‌ڵ ئێوه، با داوایه‌كی برایانه له ئێوه بكه‌م، به‌شدار بن، باشه به‌شدار نه‌بن، كه چی بۆ كوێ ده‌چن؟
كوردستان وێران بێت ده‌بنه په‌نابه‌ر له وڵاتێكی دراوسێ، یان ئه‌وپه‌ڕی ده‌ڵێن ده‌چینه ده‌ره‌وه و ئه‌وروپا، من ناڵێم، چوونه ده‌ره‌وه‌ش باشه، به‌ڵام بڕۆن بۆ فێربوون، بڕۆن بۆ زیادكردنی شاره‌زایی خۆتان، به‌ڵام نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌راوردی بكه‌ی وڵاتێك له وڵاتی تۆ خۆشتره، هیچ وڵاتێك ناگاته وڵاتی خۆت ده‌بێت وه‌كو دایك وڵاته‌كه‌مان خۆش بوێت، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی ئێوه‌یه، من تكاتان لێده‌كه‌م، نه بۆ من و نه بۆ هیچ كه‌سێكی دیكه په‌یوه‌ندی خۆتان له‌گه‌ڵ وڵاتی خۆتان نه‌پچڕێنن، چونكه ئێوه خاوه‌ن ئه‌م وڵاته‌ن خه‌ڵكی دیكه خاوه‌ن نییه.
نیان/ قوتابی پزیشكی زانكۆی دهۆك
بوونی په‌كه‌كه له چیا و گوند و سرووشتی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی، گه‌یاندوویه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه چی بكه‌ین له‌كاتێكدا خه‌ڵكێكی زۆری نیشته‌جێی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه شوێنه‌كانیان جێبهێڵن، هیچ پلانێك هه‌یه بۆ ئه‌وه یان ئه‌گه‌ر پلانێك هه‌بێت گه‌یشتووونه‌ته چ بڕوایه‌ك له‌و باره‌یه‌وه؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: ئێمه زیاتر له هه‌موو كه‌سێك خه‌می میلله‌تی خۆمانه، خاكی خۆمان هه‌یه، گه‌لی كوردستان و وڵاتی ئێمه وه‌كو كوردستان، ئێمه باوه‌ڕ ناكه‌ین كه‌س له ئێمه خه‌مخۆرتر بێت بۆ ئه‌وه‌ی بێت موزایه‌دات له‌سه‌ر ئێمه بكات له‌سه‌ر كوردایه‌تی، ئه‌گه‌ر وه‌كو كوردێك، لێقه‌وماوێك، په‌كه‌كه بێت وه‌كو هه‌ر كوردێك له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بێته هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو میوان به‌خێر بێت سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت وه‌كو به‌دیلی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر هاووڵاتییان و رێگه نه‌دات گوندییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه و جووتیاران زه‌وی خۆیان بكێڵێن و دژایه‌تی حكومه‌ت بكات و دادگا دابنێت و خه‌ڵكی ئه‌زیه‌ت بدات و ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی سوپای توركیا بێته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه نه‌بێت سوپای توركیا نه‌ده‌هاته ئێره، په‌كه‌كه دێته ئێره كێ رزگار بكات؟
وڵاتێكی رزگاركراو پێویستی به رزگاركردنی په‌كه‌كه نییه، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌م خاكه نابێت پێشمه‌رگه حوكمی تێدا بكات، هاتن ئه‌ڵغامیان له‌سه‌ر رێگه‌ی پێشمه‌رگه دانا، مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ئۆتۆمبێلی پێشمه‌رگه كرد، ئه‌فسه‌ری ئاسایشیان شه‌هید كرد، راسته ئێمه نامانه‌وێت شه‌ڕی كورد و كورد، یان شه‌ڕی براكوژی بكه‌ین، به‌ڵام برا ئه‌و برایه‌یه قه‌دری برای خۆی بزانێت، كه‌شێكی وا دروست بووه هه‌رچی باسی په‌كه‌كه بكات به‌یانی تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ده‌نه پاڵ ئه‌و كه‌سه دژی كوردایه‌تییه، وا نییه، ئێمه كوردایه‌تی ده‌كه‌ین، په‌كه‌كه كوردایه‌تی ناكات، په‌كه‌كه چی كردووه. یه‌ك ده‌ستكه‌وتی په‌كه‌كه به من بڵێن له مێژووی درووستبوونی تا ئه‌مڕۆ كه خێری بۆ گه‌لی ئێمه هه‌بووبێت، ئێمه‌ش نامانه‌وێت شه‌ڕی كورد و كورد بكرێت، به‌ڵام ئاماده نینه په‌كه‌كه به‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه‌ی خۆی بیه‌وێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه به قوربانی و خه‌باتی هه‌زاران گه‌نج و لاوی ئێمه به‌ده‌ستهاتووه له‌ده‌ستمان بچێت.
هه‌ناز/ قوتابی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له دهۆك
ئێمه ده‌توانین گه‌نده‌ڵی به كێشه‌یه‌كی ئه‌منی پێناسه بكه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌برێت، مه‌ترسی چییه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی كوردستان؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: گه‌نده‌ڵی خراپترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر هه‌رێم، واتا ئه‌و كه‌سه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات هه‌موو شتێك ده‌كات، جا له‌به‌ر ئه‌وه راسته گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كان، بۆیه پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێت، ئێمه زۆر هه‌نگاومان هاویشتووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام من حه‌ز ده‌كه‌م باسی خاڵێك بكه‌م، ئامانج له گه‌نده‌ڵی چییه؟ ئایا ئێمه تۆڵه له‌و كه‌سانه بكه‌ین كه گه‌نده‌ڵیان كردووه یان گه‌نده‌ڵی راگرین و خه‌ڵكی خراپیش باش بكه‌ین، دوو بابه‌تی جیاوازن، به رای من له‌و كابینه‌یه ئه‌وه‌ی ئێمه پێمان كراوه تا راده‌یه‌كی زۆر گه‌نده‌ڵیمان راگرت، ناڵێم بنبڕمان كردووه به‌ڵام تاراده‌یه‌كی زۆر راگیراوه، له‌وانه‌یه له هه‌ندێك شوێن مابێت به‌ڵام ئێمه ئاگادار نه‌بین، من زۆریشم پێخۆشه هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر شوێنێك بزانێت گه‌نده‌ڵی هه‌یه پێمانبڵێت، چونكه ئامانج ئه‌وه‌یه گه‌نده‌ڵی نه‌بێت، ئه‌وه‌ی دیكه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه، خاوه‌ن به‌رژه‌و‌ه‌ندییش خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و كه‌سانه جارێكی دیكه ده‌بنه ئاسته‌نگ بۆ حكومه‌ت تاكو نه‌توانێت به‌رنامه‌ی خۆی چاكسازی ودژه گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت، لێره پشتمان به خودا قایمه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت پشتی ئێمه به ئێوه‌ش قایم بێت، به خه‌ڵكی كوردستان، نه‌ك ته‌نیا ئێوه به‌ڵكو هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و كاته‌ی رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ده‌بیه‌وه ئاسته‌نگت بۆ دروست ده‌كرێت، كاتێك رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ده‌بیه‌وه خه‌ڵكێك دێت هه‌وڵده‌ده‌ن تۆ سه‌ركه‌وتوو نه‌بی، باشه من ئه‌و شته بۆخۆم ناكه‌م، ئه‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌یكه‌م، بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و شایسته ئه‌و كاره ده‌كه‌م، چاوی من له‌وه‌یه خه‌ڵكی كوردستان پشتیوان بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌و ئه‌ركه پیرۆزه‌دا سه‌ركه‌وتوو بین، گه‌نده‌ڵی مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر له كێشه‌ی ئه‌منی گه‌وره‌تر نه‌بێت بچووكتر نییه.
یادگار فایه‌ق: ئه‌م دیداره، من پێمخۆشه به‌ڵێنیی ئه‌وه‌ش له جه‌نابی كاك مه‌سرور وه‌ربگرن كۆتا دیدار نه‌بێت، كۆتا تاون هۆڵ نه‌بێت.
شه‌وبۆ كه‌یوان/ سلێمانی
دوور له بابه‌تی سیاسی پرسیاره‌كه‌ی من جیاوازه، حه‌زم نه‌كرد پرسیاره‌كه‌ی من سیاسی بێت، پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت تا چه‌ند گرنگی ده‌دات به بارودۆخی ته‌ندروستی خۆی؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر سوپاس.. من بۆ خۆم زۆر حه‌زم له وه‌رزشه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كه منداڵ بووم، تاكو گه‌نجی، زۆر هه‌وڵمدا، فووتبۆڵم زۆر ده‌كرد، حه‌زم زۆر له ئه‌سپسوارییه، مه‌له‌وانیم حه‌ز لێیه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه نه‌متوانیوه، بیرخستنه‌وه‌یه‌كی باشه، من حه‌زم له وه‌رزشه و پێموایه شتێكی زۆر باشه، چونكه وه‌رزش و جه‌سته‌ی ته‌ندروست ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی باشتر و ته‌ندروستتر.
یادگار فایه‌ق: به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت با هونه‌رمه‌ندان لێمان نیگه‌ران نه‌بن، چۆن ده‌ڕوانیته كایه‌ی بواری هونه‌ری له كوردستان؟ پلانتان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بواره‌ش پشتگوێ نه‌خرێت.
سه‌رۆكی حكومه‌ت: خۆم شێوه‌كارم، من وێنه‌ی ره‌نگ و رۆن له‌سه‌ر كانڤس و ئه‌وانه ده‌كه‌م، زۆریش حه‌زم له هونه‌ره، زیاتر وه‌كو خولیایه، له‌و كاتانه‌ی ده‌رفه‌تم هه‌بێت ئه‌و كاره‌ش ده‌كه‌م، هونه‌ر شتێكی زۆر گه‌وره‌یه، پێموایه غه‌درێكی گه‌وره له هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ده‌كرێت، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه نه‌مانتوانیوه رێز و پێگه‌ی ئه‌وان وه‌كو خۆی بگرین، ئه‌گه‌ر بابه‌تی ئه‌وه‌ی مافی داهێنان، كه من چه‌ندین جاره داوامكردووه بچێته په‌رله‌مان و ئه‌و بابه‌ته یه‌كلا بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مافی هونه‌رمه‌ند نه‌فه‌وێت، یه‌كێك نه‌چێت كۆپی سیدی فڵانه هونه‌رمه‌ند یان فڵانه گۆرانیبێژ بكات، ئه‌وه ده‌بێت حكومه‌ت بیپارێزێت.
ده‌زانی چۆنه، نابێت ئێمه وابیر بكه‌ینه‌وه ته‌نیا ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت رێكار بگرێته‌به‌ر سزای كارێكی هه‌ڵه بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه نه‌كه‌ین، نه‌خێر ده‌بێت له كولتووری خۆمان وا بكه‌ین هه‌ڵه نه‌كه‌ین.
زاگرۆس – قۆتابی زانكۆی دهۆك كۆلیژی زامن
پرسیاری من بۆ كابینه‌ی نۆ، كابینه‌ی چالاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، ئایا پلانێك هه‌یه بۆ ئه‌و پرۆژه بچووك و خۆماڵییانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كه پشتیوانیان لێ بكرێت كه ده‌بنه ده‌رفه‌ت بۆ گه‌نجان؟
سه‌رۆكی حكومه‌ت: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر به بیرتان بێت، پێش ماوه‌یه‌ك چوومه سلێمانی، چوومه یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ی كه هاریكاری پرۆژه‌ی بچووك ده‌كه‌ن بۆ گه‌نجان، كه‌رتی تایبه‌ت و بزنسی سه‌ره‌تایی، من لێره داوامان له‌و زانكۆیه‌ش كردووه هاریكار بن بۆ ده‌ستپێكردنی بزنسی بچووك، به بڕوای من بزنسی بچووك و مامناوه‌ند گه‌لێك زیاتر هه‌لیكار بۆ هاووڵاتیان دروست ده‌كات له بزنسی گه‌وره، چونكه بزنسی گه‌وره ره‌نگه به‌رهه‌میان زۆر بێت، به‌ڵام ئه‌و كرێكار و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌وێ كار ده‌كه‌ن ره‌نگه نه‌توانن ئه‌و ژماره گه‌وره‌یه داخوازی خه‌ڵكی وه‌ربگرن، یان گۆڕین و هه‌مه‌جۆركردنی كاریشی تێدا نییه، ئێمه به‌رنامه‌مان هه‌یه و زانكۆمان راسپاردووه، له حكومه‌ت و ئۆفیسی خۆشم گرووپێكم داناوه بزانن ئه‌و بیرۆكانه‌ی گه‌نجان كه ده‌یانه‌وێ بكه‌نه كار و بزنس پشتیوان بن، من خۆم زۆرم حه‌ز لێیه پشتیوانی ئه‌و بیرۆكه‌یه بكه‌م و به‌رده‌وام بم.
كۆتا په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌ت:
هیوادارم هه‌مووان سه‌ركه‌وتوو بن، هیوادارم پێش هه‌موو شتێك خۆشه‌ویستی خۆتان بۆ وڵاته‌كه‌تان به هیچ شتێك نه‌گۆڕنه‌وه، ئه‌ركه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه وڵاتی خۆمان وه‌كو دایكی خۆمان خۆشبوێت، بیپارێزن، هه‌م ژینگه‌كه‌ی خۆتان بپارێزن، هه‌م خاكی خۆتان بپارێزن، هه‌م رێز له‌و مێژووه پڕ سه‌روه‌رییه بگرن كه وایان كردووه ئه‌مڕۆ ئێمه لێره بتوانین به ئازادی له كیان و وڵاتێكدا بژین، راسته هه‌موو ئاواته‌كانمان نه‌هاتوونه‌ته دی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین هه‌نگاوی باشتر بهاوێژین، ده‌بێت هه‌موومان هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ین، هه‌ر یه‌كێك له ئێوه خۆتان به به‌رپرس بزانن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به یه‌كه‌وه ئه‌م وڵاته ئاوه‌دانتر و سه‌قامگیرتری بكه‌ین، من سوپاسی هه‌مووتان ده‌كه‌م، هیوادارم له هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌شدار بن، ده‌نگیش به‌و لایه‌نه بده‌ن كه ئێوه خۆتان قه‌ناعه‌تتان پێ هه‌یه كه خزمه‌تی وڵاته‌كه ده‌كات.
یادگار فایه‌ق:
به‌ناوی ئێوه‌شه‌وه زۆر زۆر سوپاسی كاك مه‌سرور بارزانی، جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه له دیداری یه‌كه‌م تاون هۆڵ، مۆدێلێكی جوان و جیاواز بوو، ئاماده‌بوو، سوپاسی هه‌ماهه‌نگیان ده‌كه‌م به‌و هیوایه‌ی كه كۆتا دیدار نه‌بێت كه له نزیكه‌وه به‌رپرسه باڵاكانمان به‌بێ بوونی هیچ په‌رده و به‌ربه‌ستێك ده‌نگی خۆیان بگه‌یه‌نن به كه‌سانی به‌رپرس، راسته‌وخۆ وه‌ڵام وه‌ربگرنه‌وه، زۆر زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، دووباره كه له شاره جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاتبوون، سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاومان هاتن، من ده‌ڵێم تا دیدارێكی دیكه ئێوه و ته‌واوی كوردستان له ئه‌مانه‌تی خوادا بن.
سه‌رۆكی حكومه‌ت: زۆر زۆر سوپاس، زۆر مه‌منوون كاك یادگار، خۆش بن یاخوا.
لە کوردستان۲٤ وەرگیراوە